خوێندنەوەیەکی تر بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی بیروڕا

د.خامۆش عمر عبدالله

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای ئیتحادی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە، بەشێک لەو بڕیارانە پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بە وردبوونەوە لەو بڕیارانە، دەردەکەوێت ئەو پانتاییە دەستورییەی بەهەرێم بەخشرابوو بە گوێرەی دەستوری ساڵی 2005، خەریکە هەنگاو بە هەنگاو بە بڕیاری دادگا لێی دەسەنرێتەوە.

هەرێمی کوردستان بەر لە دانانی دەستوری عێراق کۆمەلێک دام و دەستگای دەستوری دروست کردبوو، ئەو دام و دەستگایانەش بەگوێرەی ماددە (117)ی دەستور دانیان پیانراوە، بەڵام لە ئێستادا بڕیارەکانی دادگا نەک دەسەڵاتی ئەو دام و دەستگایانە سنوردار دەکات، بەڵکو تەنانەت وەک ئەوە وایە بە زیادیشیان بزانێت. 

ئەو بڕیارانە کاریگەریان تەنها لەسەر ئاستی ئەو کەیسانە نیە کە بڕیاری لەبارەیەوە داون، بەڵکو لە ئایندەدا کاریگەری گەورە بەسەر کۆی سیستەمی سیاسی هەرێم جێدەهێلێت.

ئەگەر خوێندنەوە بۆ بەشێک لەو بڕیارانە بکەین، دەگەینە ئەو حەقیقەتەی خوارەوە:

1-لە دەسەڵاتی هاوبەشەوە بۆ دەسەڵاتی ئیتحادی

بەگوێرەی ماددە (112)ی دەستوری عێراقی بە هەردوو بڕگەکەیەوە، حکومەتی ئیتحادی و هەرێمەکان "بەیەکەوە-معاً"، سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ گەشەپێدانی سامانی نەوت و غاز دادەڕێژن، بەڵام بە سەرنجدان لە بڕیاری (59/اتحادیە/2012 موحدتها 110/اتحادیە/2019) لە ڕێکەوتی (15/2/2022) تایبەت بە کەیسی نەوت و غازی هەرێم، دەردەکەوێت کە دادگاکە بەو ئاڕاستەیە ڕۆیشتووە کە سەرباری ئەوەی ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی هاوبەشە کەچی ئەو جەخت دەکاتەوە لەسەر "....بەڕێوەبردنی حکومەتی ئیتحادی بۆ نەوت و غاز خۆی لە وەزارەتی نەوتی ئیتحادی دەنوێنێت، ملکەچی یاسابەرکارەکانە.....ئەو یاسایانەشی کە دواتر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانراون"، بەمەش دەسەڵاتی یاسادانانی لەو بوارە لە هەرێم سەندۆتەوە، هەروەها لە بڕیارەکە هاتووە پێویستە "...ڕێز بگیرێت لە تایبەتمەندیە حەسریەکانی دەسەڵاتی ئیتحادی، ئەوەی پەیوەندارە بە دۆزینەوەو دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و غاز..."، واتە هەموو قۆناغەکانی پڕۆسەی نەوت و غاز.

بەمەش دەبینین ئەو دەسەڵاتە "هاوبەش"ەی کردۆتە دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتحادی، بەواتایەکی تر زاراوەی "بەیەکەوە-معاً" و "الحقول الحالیە"ی تێپەڕاندووە.

2-لەدام و دەستگای هەرێمیەوە بۆ دام و دەستگای ئیتحادی

گومانی تێدانیە هەرێمەکان بەگوێرەی حوکمی ماددە (121)ی دەستور مافی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانیان هەیە لەڕێگەی دروستکردنی دام و دەستگای تایبەت، ئەوەش بەهیچ شێوەیەک ناکۆک نیە لەگەڵ دەستوری عێراقی.

بەڵام دادگا لە بڕیاری ژمارە (156 موحدتها 160/اتحادیە/2022) بڕیاری دا بە نادەستوریبوونی زاراوەی "دەسەڵاتی حەسری"ی بڕگەی یەکەم لە ماددە (2)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ژمارە (4)ی ساڵی 2014، هەروەها بڕیاری ژمارە (233 موحدتها 239 و248و253/ اتحادیە/ 2022) کە لە خاڵی حەوتەمی ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئیتحادی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2019 بەرپرسە لەسەرپشکردنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیەکان لەهەموو عێراق!

کەواتە هەبوونی ئەو دەستەیەی هەرێم چ بەهایەکی بۆ دەمێنێتەوە، لە بەرامبەر کۆمسیۆنی ئیتحادی؟

3- لەئازادی ڕێکخستنی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ ڕێکخستنی سەپێنراو 

لە ماددە (121)ی دەستور هاتووە "هەرێمەکان دەستورێک دادەنێن، پەیکەری دەسەڵاتەکان و تایبەتکاریەکانیان ڕێک دەخەن، بەمەرجێک لەگەڵ دەستور ناکۆک نەبێت".

لە بڕیاری ژمارە (233) وموحدتها (239و248و253/اتحادیە/2022 لە (30/5/2023) لە یەکێک لەو هۆکارانەی کە پشتی پێبەستووە ماددە (56/ یەکەم)ی دەستوری عێراقە، کە دەڵێت:"ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی ڕۆژمێریە، بەیەکەم دانیشتن دەست پێدەکات، بەکۆتایی ساڵی چوارەم کۆتایی دێت"، بەوەش درێژکردنەوەی خولی هەڵبژاردن بۆ زیاتر لە چوار ساڵی ڕۆژمێری وادەکات ئەو درێژکردنەوە سەرپێچی حوکمی ئەو ماددەیە بێت...."، ئایا هەرێمەکان دەبێت پابەندی ئەو ڕێکخستنەی دەسەڵاتەکان بن کە لە دەستوری ئیتحادی هاتووە؟ بیرمان نەچێت ماوەی ویلایەتی پەرلەمانی کوردستان بەر لەهەموارکردنی بۆ چوار ساڵ سێ ساڵ بوو!

دەرئەنجام: ئەگەر هەرێم لە دەسەڵاتە هاوبەشەکان دابماڵێرێت، و ڕێکخستنی دەسەڵاتە نێوخۆیەکانیشی بەگوێرەی دەستوری عێراقی بێت، کەواتە بوونی دەستوری هەرێم چ بەهایەکی دەبێت، ئایا وەک هەرێمەکانی ئەفریقیای باشورمان لێدێت کە لەبەر ئەوەی تەواوی دەسەڵاتەکانیان لە دەستوری ئیتحادی ڕێکخراوە هەرێمەکان دەستور بە پێویست نەزانن، بەدڵنیاییەوە دوای ماوەیەکی تر ئێمەش بەهۆی بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی وامان لێدێت کە دەستور بە زیاد بزانین، ئەوەش یەکێکە لە لێکەوتە سلبیەکانی ئەوەی کە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوو نەمانتوانی دەستورێک بۆ هەرێم پەسند بکەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین