وادەی دەنگدان بە بودجەی گشتی عێراق دیاری كرا عێراق ناوچەکە و جیهان
پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی بۆ دەنگدان بە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 دەستنیشان كرد، كە هێشتا هیچ زانیارییەك لەسەر رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە بڕگە زیادكراوەكانی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە شەشی حوزەیرانی 2023 فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو هەشتی حوزەیران دانیشتنی ژمارە 28ی ئەم خولە بەڕێوەدەچێت كە تایبەت دەبێت بە دەنگدان بە  بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ و ساڵانی 2024 و 2025 .

هەر چەندە بڕیار بوو سەرەتای هەفتەی رابردوو دەنگ بە بودجەكە بدرێت، بەڵام بە هۆی زیادكردنی هەندێك بڕگە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان ئەوا ناكۆكی سیاسی دروست بوو، چونكە هەرێمی كوردستان زیادكردنی ئەو بڕگانە بە پێشێلكردنی رێككەوتنی خۆی و حكومەتی فیدڕاڵ دەزانێت. تا ئێستایش هیچ زانیارییەك لەسەر رێككەوتن لەسەر مانەوە یان لادانی ئەو بڕگانە نییە.

بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق 119 ترلیۆن دینارە و بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كەمتر لە 13% پشكی هەرێمی كوردستانە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین