ڕۆبیۆ: پابەندین بە ڕێككەوتنە ئەمنییەكانمان لەگەڵ سعودیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هەڵوێستی وڵاتەكەی سەبارەت بە گۆڕانكارییە سەربازییەكانی ئەمڕۆ كە لە یەمەن ڕوویدا، ڕاگەیاند و دەڵێت، سعودیە مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات و ئاماژەی بەوەش دا كە حکومەتی یەمەن و سعودیە ڕێگە نادەن حوسییەكان کۆنتڕۆڵی باب ئەلمەندەب بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/10/5) ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاویكردەوە، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" و پێشڕەویی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە چەندین بەرەدا، مارکو ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، حوسییەكان بووبوونە مەترسیی و هەڕەشە لە ناوچەكەدا و سعودیە مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لە خۆی بكات.

ڕوبیۆ ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەوەی ئێستا لە یەمەن ڕوودەدات، هێرشێکی پێچەوانەیە بۆ سەر دەستدرێژییەکانی حوسییەکان، چونکە هێزەکانی یەمەن هەوڵ دەدەن ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە کە حوسییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، و گوتی: "ئەمە ئەو ناوچانە کە حوسییەکان لە ئەنجامی هێرشەکەیانەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات وەڵامێکە بۆ ئەوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین کە ئەمە ڕووبدات".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە که "حکومەتی یەمەن و سعودیە ڕێگە نادەن حوسییەكان کۆنتڕۆڵی گەرووی باب ئەلمەندەب بکات".

ڕۆبیۆ دووپاتیشی کردەوە کە واشنتۆن ڕێککەوتن و پابەندبوونی ئەمنیی لەگەڵ سعودیە هەیە و پێیانەوە پابەند دەبێت.

لەلای خۆیانەوە، هێزە یەمەنییەکان ڕایانگەیاند کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی کەناراوەكانی ڕۆژئاوا، لەوانەش گەرووی باب ئەلمەندەب و ژوباب، کردووە و بەرەو مخا پێشڕەویی دەکەن، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان لە چەندین بەرەدا.

دوای ئەو پێشڕەوییە لە کەناراوەكانی ڕۆژئاوا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشەكانیان بە ناوی "هێرشی ستراتیژیی" بۆ سەر پایتەخت سەنعا دەستپێكرد، لە کاتێکدا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە جەنگییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی پایتەخت.

ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆكایەتیی یەمەن، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی بە ناوی "فەجری یەمەن" ڕاگەیاند، بە ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سەرجەم خاکی ئەو وڵاتەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین