ئەمەریکا مووچەی بەشێک لە سەربازەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

بەهۆی ئەو مەترسییە زۆرەی لەسەر سەربازانی بەرەی پێشەوەی جەنگ هەیە، پێنتاگۆن دەرماڵەی بەشێک لەم سەربازانەی بۆ بەرزترین ئاست کە مانگانە (450) دۆلارە بەرزکردەوە و گووتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکاش دەڵێت. ئیستا بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4/10/2026) شۆن پارنێڵ، گووتەبێژی وەزارەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، بڕی ئەو دەرماڵە داراییەی زیاددەکرێت کە سەربازانی ئەمەریکی لە ناوچەکانی پێکدادان و بەرەکانی جەنگدا وەریدەگرن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران. ئیستا بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، دەرماڵەی بەرکەوتن بە تەقەی دوژمن بۆ ئەو سەربازانەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تەقە دەبنەوە، بۆ بەرزترین ئاست کە مانگانە (450) دۆلارە بەرزکرایەوە.

گووتەبێژی پێنتاگۆن گووتیشی، لەگەڵ ئەم بەرزکردنەوەی دەرماڵەیە، هاوکات دەرماڵەی مەترسیی تاکەکەسی بۆ ئەو سەربازانەی لە ناوچەکانی پێکدادانیشدا خزمەت دەکەن، بۆ (275) دۆلاری مانگانە زیاد کرا؛ لە کاتێکدا پێشتر بەرزترین ئاست بۆ هەردوو دەرماڵەکە (225) دۆلار بوو لە مانگێکدا، ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ خۆلادانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بەکارهێنانی دەستەواژەی جەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی دژی ئێران؛ ترەمپ لەبارەی جەنگەکەوە گووتبووی، کە شتێکی ئەوتۆ و گەورە نییە سەرەڕای ئەوەی هێرشە پچڕپچڕەکان بەردەوامن و لە هەندێک حاڵەتدا برینداربوونی سەربازانی ئەمەریکیی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل لە (28)ی شوباتەوە جەنگی ئێرانیان دەستپێکرد، (19) سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە (860) سەربازی دیکەش بریندار بوون. بەڵام ئەوکاتە بەرپرسانی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیان ڕاگەیاند، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو سەربازانەی لەوکاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە لانیکەم (22) سەربازە، هەرچەندە ڕەنگە هەموو گیانلەدەستدانەکان ڕاستەوخۆ بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە نەبووبن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین