ئەمنیستی: حكومەتی عێراق دەبێت چارەنووسی بێ سەروشوێنەكان ئاشكرا بكات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنیستی" لە راپۆرتێكدا رەخنە لە عێراق دەگرێت لەوەی تا ئێستا چارەنووسی ئەو كەسانەی ئاشكرا نەكردووە، كە لەلایەن میلیشیاكانەوە لە 2016 بێ سەروشوێن كراون. رێكخراوەكە دەڵێ‌، "هەر چەندە عێراق بەشداری لە رێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی ونبوونى زۆرملێ‌ كردووە، كەچی تا ئێستا ئەم بابەتەی وەك تاوان نەناساندووە".

ئەمڕۆ سێشەممە شەشی حوزەیرانی 2023 حەوت ساڵ بە سەر رفاندنی 643 كەس تێدەپەڕێت كە لە شارۆچكەی سەقڵاوییەی سەربە پارێزگای ئەنبار لەلایەن میلیشیاكانی شیعەوە رفێندراون و تا ئێستا بێ سەروشوێنن. بەم هۆیەوە ئەمڕۆ رێكخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا رەخنە لە حكومەتی عێراق دەگرێت و پێیوایە حكومەت خۆی لەم بابەتە دەدزێتەوە.

لە دووی حوزەیرانی 2016 كاتێك خەڵكی سەقڵاوییە ئاوارە دەبوون، میلیشیاكانی شیعە رێگرییان لێدەكەن و پیاو و مێردمناڵەكانیان دەبەن، كە بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێستا ژمارەیان 643 كەس بوون. ئەو كات لە پێنجی حوزەیرانی 2016 حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو كەسانە بكات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێك نەبووە.

ئایە مەجزووب بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە رێكخراوەكە دەڵێ‌، "لەوەتەی سەرۆك وەزیرانی ئەو كات لیژنەی پێكهێناوە بۆ لێكۆلێنەوە لە ونبوونیان و پێشێلكارییەكانی تری حەشدی شەعبی لە میانەی ئۆپراسیۆنەكانی تری فەلووجە، حەوت ساڵ تێپەڕیوە. كەچی تا ئێستا لیژنەكە هیچ ئەو ئەنجامانەی رانەگەیاندووە كە پێگەیشتووە و لێپێچینەوە لەگەڵ كەسیش نەكراوە".

ئەو بەرێوەبەرەی ئەمنیستی دەشڵێ‌، "ئەوانەی بە زۆرملێ‌ بێ سەروشوێن كراون، تەنیا ونبوو نیین، بەڵكو خێزان و خۆشەویستانیان هێشتا لە ئازار دەژین، بە هۆی ئەوەی چارەنووسیان نازانن، حكومەتەكان خۆیان دزیوەتەوە لەوەی وەڵامی پێویست بەو خێزانانە بدەنەوە و قەرەبووی مەینەتییەكانیان بكەنەوە. بۆ دانانی سنوورێك بۆ راكردن لە سزادان لە عێراق، دەبێت حكومەت ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە ئاشكرا بكات".

ونبوونی زۆرملێ‌ لە عێراق تاوان نییە!

راپۆرتەكەی ئەمنیستی باس لەوە دەكات، كە هێشتا لە یاسای عێراق ونبوونی زۆرملێ‌ یانیش بێ سەروشوێنكردنی زۆرملێ‌ تاوان نییە، بۆیە ناكرێت وەك تاوانێك بدرێتە دادگا. كەچی پێشتر عێراق ئەندامی رێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی ونبوونی زۆرملێیە كە لە ساڵی 2010 وە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەو رێكخراوە داوا لە عێراق دەكات پپابەند بێت بە ئەركەكانی و ئەم دیاردەیە بە تاوان بناسێنێ‌ و بكەرانی دادگای بكات و قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە.

بەگوێرەی ئامارێكی لیژنەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی ونبوونی زۆرەملێ‌، لە عێراق لە ساڵی 1968 وە تا ئێستا لەنێوان 250 هەزار تا ملیۆنێك بێ سەروشوێن هەیە، كە  ئەمەیش وادەكات ئەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لەم تاوانە زۆرترین بێ سەروشوێنی هەبێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكان ونبوونی زۆرەملێ‌ بەوە پێناسە دەكەن كە كەسانێكن بە ناچاری لەلایەن دەسەڵات یان میلیشیایەكەوە دەرفێنرێن و چارەنووسیان و شوێنیان ئاشكرا ناكرێت. بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بە ئامانجی تۆقاندن بەكاردەهێنرێت بۆیە بە تاوان و تیرۆر دادەنرێت و رێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە لە ساڵی 2010وە خراوەتە بواری جێبەجێكردن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین