رێكخراوی تەندروستی جیهان: عێراق لە پەتای كۆرۆنا سوودمەند بوو تەندرووستی

نوچه‌نێت

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ دووپاتی دەكاتەوە، كە كۆڕۆنا سوودی ئەوەی بۆ هەندێك وڵات هەبوو، پێداچوونەوەیان بۆ سیستەمی تەندروستی خۆیان كرد، یەكێكیش لەو وڵاتانە عێراق بوو كە ئێستا خەرێكە بناغە بۆ سیستەمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو دادەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی حوزەیرانی 2023 ئەحمەد زویتن نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق لە لێكدوانێكی رۆژنامەوانی كە لە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات پەتای كۆڕۆنا سوودی بۆ عێراق هەبووە، وایكردووە ئەم وڵاتە بە سیستەمی تەندروستی خۆی دابچێتەوە.

ئەحمەد زویتن دەڵێ‌، "پەتای كۆرۆنا لە هەموو رووەكان زیانی هەبوو، بەڵام هۆكاریش بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەك لە وڵاتان پێداچوونەوە بۆ سیستەمی تەندروستی خۆیان و رادەی گونجاوی لەگەڵ پێویستییەكان بكەنەوە. عێراق بە هۆی كۆرۆناوە هەڵسەنگاندنی بۆ سیستەمی تەندروستی كرد و كاری كرد بۆ ئەوەی بەهێزی بكات".

ئەو بەرپرسەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەكات ئێستا عێراق هەوڵ دەدات سیستەمی تەندروستی بە ئەلیكترۆنی بكات و بۆ ئەمەیش ستایشی عێراق دەكات كە یەكەم هەنگاوی ناوە.

هەر چەندە عێراق هەنگاوی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی ناوە، بەڵام لە ماوەی رابردوو پەرلەمانتاران رەخنەیان گرت لەوەی لە بودجەی گشتی ئەمساڵ تەنیا 10 ترلیۆن دیناری بۆ كەرتی تەندروستی تەرخان كردووە كە بەشێكی زۆری ئەو پارەیە بۆ مووچە دەڕوات و هەر هاووڵاتییەك بە بەهای 40 هەزار دینار لە ساڵێكدا خزمەتگوزاری تەندروستی بەردەكەوێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین