لەبارەی هێزە كوردییەكان عێراق نەیتوانیوە ئێران دڵنیا بكاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات ئێران دەستی بە كۆكردنەوەی هێز لەسەر سنوورەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان كردووە و ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە عێراق نەیتوانییوە لە دۆسیەی پارتە كوردییەكانی نیشتەجێبووی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی بە ئێران بدات. كەچی جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو جموجۆڵەی ئێران بە ئاسایی دەزانێت و پێیوایە بۆ هێرشكردن نییە.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی حوزەیرانی 2023 لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، ئێران دەستی بە كۆكردنەوەی هێز لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.  

رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سێ‌ بەرپرسی كورد ئەو زانیارییانەیان پێداوە كە یەكێكیان ئەفسەرێكی پێشمەرگەیە و گوتویەتی، "پاڵپشتی بۆ هێزەكانی سوپای پاسداران گەیشتووەتە مەریوانە و بانە و هەورەمان بە دیاریكراوی نزیك سنوورەكانی شاری هەڵەبجە".

رۆژنامەكە باس لەوەیش دەكات، "جموجۆڵی سەربازی ئێران لەگەڵ چەند ئاماژەیەكی توڕەی ئێران هاوكاتن لەسەر بەردەوامبوونی چالاكی گرووپە كوردییەكانی نیشتەجێبووی سنووری عێراق، بەڵام ئەمە لەلایەن بەغدا و هەولێر رەتدەكرێنەوە".

تا ئێستا هیچ ئاماژەیەكی فەرمی لەسەر كۆكردنەوەی هێز لەلایەن ئێرانەوە نییە، بەڵام بە بڕوای چاودێران ئەمە ئاماژەیە بۆ شكستی عێراق لە رازیكردنی بەو رێكارییانەی كە لە سنوور گیراونەبەر. جموجۆڵە سەربازییەكانیش دوای ئەوە دێن كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەردانی ئێرانی كردبوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لەسەر دۆسیەی پارتە كوردییەكان كۆببووەوە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەكە باس لەوە دەكات بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەیانە ئەو پاڵپشتیە بۆ بەهێزكردنی خاڵە سنوورییەكانە و راستەوخۆ گەلەكۆمەی سەربازی نییە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین