ئاسايشى هەولێر: هاووڵاتى زیرەک عەلى بە هۆى وەستانى دڵ گیانى لەدەستداوە کوردستانی

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى هەولێر لە بارەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەك بە ناوی (زیرەک عەلی محەمەد) ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، " بە هۆکاری وەستانی دڵ گیانی لەدەست داوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (حەوتى حوزەیران/2023) ئاسایشى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا سەبارەت بە گیان لە دەستدانى ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، "لەسەر داوای خانەوادەی کۆچکردوو، تێمێکی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربوون لە توێکاری و هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی. لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی، دەرکەوت کە هاووڵاتی (زیرەک عەلی) بە هۆکاری (وەستانی دڵ) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و ئەشکنجەدان بەسەر لاشەکەیەوە نیە."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:

دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٥ی ٦یی ٢٠٢٣ ئاگادار کراینەوە کە هاووڵاتییەك بە ناوی (زیرەک عەلی محەمەد)، نیشتەجێی گەڕەكی (سێتاقان)، هێرشی كردۆتە سەر كۆمپانیایەك و ویستوویەتی بەزۆر پارە لەو كۆمپانیایە وەربگرێت، بۆیە بە پێویستمان زانیوە لە لامان ئامادە بكرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، لە یەكێك لە بنكەكانی ئاسایشی ناوشار كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، بە شێوەیەكی مەدەنییانە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ توندوتیژییەك، لە ڕۆژی ٦ی ٦ی ٢٠٢٣ كەسی ناوبراو ئامادە کراوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، دەرفەتی ئەوەی پێ دراوە كە پەیوەندیی بە كەسوكاریەوە بكات تاوەكوو شوێنی زانراوبێت. دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشارباشور، هاووڵاتی (زیرەک عەلی) باری تەندروستیی تێک چووە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەست داوە، لە هەمان كاتدا خانەوادە بەڕێزەكەیان لە گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان ئاگادار كراونەتەوە.

تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە، دواتر لەسەر داوای خانەوادەی کۆچکردوو، تێمێکی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربوون لە توێکاری و هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی. لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی، دەرکەوت کە هاووڵاتی (زیرەک عەلی) بە هۆکاری (وەستانی دڵ) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و ئەشکنجەدان بەسەر لاشەکەیەوە نیە.

وێڕای ئەوەی ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئامادەین هاوکاریی تەواوی خانەوادەی کۆچکرد و هەر لایەنێک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەین، ئەگەر بیانەوێت بەشداریی پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن، لە چۆنیەتیی گیان لەدەستدانی کۆچکردوو.

بەڵام بەداخەوە چەند کەناڵێكی ڕاگەیاندن و لایەنێک، دەیانەوێت کەیسی گیان لەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان بەكار بهێنن و تۆمەتی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ڕاستی و درووستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بزانن.

لێرەوە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان دەكەین، بەبێ بوونی زانیاری هیچ زانیاریەکی نادروست لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بلاو نەکەنەوە و پێش پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان نەکەون و هەرداواکاری یەکیان هەیە بەرێگای داداگاوە ئەتوانن پێشکەشی بکەن و بەرگری نەکەن لە ئەندامەکانیان کە کارێکی نایاسایی ئەنجام دەدەن، چونکە ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک کارێکی نایاسایی ئەنجام بدات، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ڕووبەڕووی یاسای بکەینەوە.

بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دووپاتی دەکەینەوە كە هیچ جۆرە شێوازیک لەم تۆمەتە بێ بنەمایانەی کە بۆ مەرامی تایبەت ئاراستەمان دەكرێن، لە ئەرکی خۆمان ساردمان ناکاتەوە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە مكوڕترمان دەکات لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانمان، چونکە پارێزگاریكردن لە سەروماڵی هاووڵاتیان و دانیشتوانی بەڕێزی شاری هەولێر و دەوروبەری، بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین، لەم پێناوەشدا بەبێ هیچ جیاوازییەك یاسا لەسەر هەموو تاکێکی كۆمەڵگەدا جێبەجێ دەكرێت و هیچ کەسێکیش لە سەرووی یاساوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

٧ی ٦ی ٢٠٢

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین