ئەمریکا و بەریتانیا بەرانبەر بە موشەکی هایپەرسۆنیکی ئێران هەڵوێستیان راگەیاند ئێران

نوچەنێت:

ئەمریکا و بەریتانیا بەرامبەر بە بانگەشەی سوپای پاسداران سەبارەت بە "پەردەلادان لەسەر موشەکێکی هایپەرسۆنیک" کاردانەوەیان نیشان دا و جەختیان لە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی تێکدەرەکانی ئێران کردۆتەوە.

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، سەبارەت بە پەردەلادانی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر موشەکی جۆری «هایپەرسۆنیک» رایگەیاند: ئیدارەی بایدن هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە زۆر روون، ورد و یەکلاکەرەوە، دژی چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەت پەرەپێدانی بەرنامەی پێشکەوتووی موشەکی بالیستیکی وڵاتەکە هەنگاوی ناوە.

رۆژی سێشەممە (6ی حوزەیران 2023)، سوپای پاسداران پەردەی لەسەر موشەکێک لادا و بانگەشەی ئەوەی کرد, کە ئەم موشەکە لە جۆری «هایپەرسۆنیک»ە. هایپەرسۆنیک جۆرێکە لە موشەکی سەروو دەنگی، کە دەتوانێت خێرایی 15 هێندەی خێرایی دەنگ ببڕێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، هەروەها لە بەیاننامەیەکدا، حکومەتی ئێران و بەرنامە موشەکییەکەی بە هەڕەشە لەسەر جیهان ناودەبات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە «ئێران سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ وەستاندنی بەرنامەی موشەکییەکەی، دروستکردنی موشەکێکی نوێی بالیستیکی راگەیاند، تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە سەرکەوتوویی موشەکێکی بالیستیکی بە توانایەکی هاوشێوەوە تاقی کردۆتەوە؛ ئەمەش دەرخەری پشتگوێخستنی بەردەوامی ئەم وڵاتەیە بە سنووردارکردنە نێودەوڵەتی و هەڕەشەی جددی ئەم حکومەتەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی».

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین