سعوودیه‌ ئاسایبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ كارێكى باش ده‌زانێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ڕایگەیاند ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل لە قازانجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەستراوەتەوە بە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

بە پێی هەواڵێکێ "اخبار روز"، فەیسەڵ بن فەرحان ئەو هەڵوێستەی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیونیی CNN  ڕاگەیاند و وتی: ئاساییبوونەوەی دۆخی ئیسرائیل لە ناوچەکە کاریگەری بەرچاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت". بە وتەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەو گۆڕانکارییە " لە بواری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئاسایشەوە قازانجی زۆری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت". 
بن فەرحان هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان سعوودیه‌ و ئیسرائیل " تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەی پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە". 
دوای ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم کە بوونە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دوو وڵاتی بەحرەین و ئیمارات، سعوودیە چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل و فەلەستین پێكەوە نەگەنە ڕێککەوتن، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە. سەرەڕای ئەوە، نیگەرانی لە هەڕەشەکانی ئێران، بوونەتە هۆی نزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەی کەنداو و لەوانە سعوودیه‌ و ئیسرائیل. 
سەرەڕای ئەوەی ڕیاز ئەو هەواڵەی ڕەت کردووەته‌وە بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی تەشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا، بە نهێنی سەردانی سعوودیه‌ى کرد و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان جێنشینى ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆی کرد. 
ساڵی ڕابردوو چوار وڵاتی عەرەب (ئیمارات، بەحرەین، مەراکیش و سوودان) لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. تەلئەبیب ئەو دڵنیاییە داوە کە بەو زووانە سعوودیش پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین