ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە عەممان دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە و ئەمریکییەکان بە روونی رایگەیاندووە، کە ئێران ئەگەر بەرەو پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %90 هەنگاو بنێت، باجێکی قورس دەدات.

رادیۆ فەردا رۆژی شەممە (10ی حوزەیرانی 2023) بڵاویکردەوە، کە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی رۆژی رابردوو، بە گێڕانەوە لە سێ سەرچاوەی ئاگادار، نووسیویەتی کە بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی لە مانگی رابردوودا لە عەممان دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە و عەممانییەکان لە ژووری جیادا پەیامەکانیان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا گواستۆتەوە.

ئەکسیۆس هەروەها هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە برێت مەکگۆرک رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە سەرەتای مانگی رابردوودا سەبارەت بە ئەگەری دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە گەشتێکی رانەگەیەندراوی بۆ عەممان کردووە.

ئەم سێ سەرچاوە ئاگادارە بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، کە لە هاوکات لەگەڵ گەیشتنی برێت مەکگۆرک بە عەممان، شاندێکی ئێرانیش گەیشتووەتە مەسقەت پایتەختی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، برێت مەکگۆرک و بەرپرسانی ئێرانی یەکتریان نەبینیوە، بەڵام هەردوولا لە شوێنی جیاوازدا ئامادە بوون و کاربەدەستانی عەممانیش لە نێوانیاندا بوون و پەیامیان دەگەیاند.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی ئەمریکا لەسەر رێگریکردن بووە. سەرچاوەکان دەڵێن ئەمریکا بە روونی رایگەیاندووە، کە ئەگەر ئێران بەرەو پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %90 هەنگاو بنێت، ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، باجێکی قورس دەدات.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، مەبەست لە ئاڵوگۆڕی ناڕاستەوخۆی پەیامەکانی نێوان ئیدارەی بایدن و ئێران، گەیشتن بە «لێکتێگەیشتن» بووە، سەبارەت بە رێگاکانی کەمکردنەوەی گرژی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکە و دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە شەڕی ئۆکرانیا.

 

سەرچاوە: ایرنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین