ئێران: هیچ کامێرایەکی چاودێریی چالاکی ئەتۆمی لە نەتەنز دانەنراوە ئێران

نوچەنێت:

رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، کە هیچ کامێرای چاودێری لە نەتەنز دانەنراوە و گوتەبێژی ئەم رێکخراوە "بە هەڵە" لە چاوپێکەوتنێکدا لە جیاتی دامەزراوەکانی "ئیسفەهان" ناوی "نەتەنز"ی هێناوە.

بی بی سی لە رۆژی شەممە (17ی حوزەیرانی 2023) لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، کە ساڵی رابردوو لە کاردانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردانی نێدەوڵەتی، کە رەخنەی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران گرتبوو، ئەم وڵاتە کەرەستەکانی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزەی ئەتۆمی راگرت و کارپێکردنی کامێرای چاودێری کردنی وردی چالاکی ئەتۆمی کۆتایی پێهێنا.

بێهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لەم دواییانە رایانگەیاند «بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئاژانسەکەدا بەدەستهاووە، نزیکەی 10 کامێرا لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز و ژمارەیەک کامێرا لە ناوەندی بەرهەمهێنانی سانتریفیوژی ئیسفەهان چالاک کراون».

لە چەند هەفتەی رابردوودا و لە هاوکات لەگەڵ هەواڵی دانوستانی «نافەرمی» ئێران و ئەمریکا بڵاوکرایەوە، هەواڵ و راپۆرتەکان لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش بڵاوکرانەوە.

کامالوەندی گوتبووی، «یەک لەسەر سێی کامێرا کوژاوەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە بنکەکانی ئێران جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە کار».

رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، کە کامێرای چاودێری تەنیا لە ئیسفەهان «چالاک» دەکرێن و دووبارە دادەنرێنەوە. دەشڵێت، «لە بنەڕەتدا، هیچ کامێرایەکی چاودێری بۆ تۆمارکردنی چالاکییەکان» لە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز چالاک نییە.

ناوەندی ئیسفەهان کە کامێراکانی ئاژانسی تێدا چالاک دەکرێت، جێگەی ناوەندی بەرهەمهێنانی سانتریفوژی لە کەرەج گرتەوە، کە لە ساڵی 2021 بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە، کە ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە دەزانرێت، وێرانکرا.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین