رۆیتەرز: دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بۆ پێشگیری لە هێرشی ئیسرائیلە ئێران

نوچەنێت:

لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە عەممان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانەوە نووسیویەتی «دانوستانەکانی ئەم دواییە تەنیا لەسەر گەیشتن بە جۆرێک لە لەیەک تێگەیشتنە نەک رێککەوتن» بۆ رێگریکردنە لە هێریشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

ڕادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا لە رۆژی یەکشەممە (18ی حوزەیرانی 2023) بڵاویکردەوە، کاربەدەستێکی رۆژئاوایی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە ئامانجی سەرەکی رێککەوتنی نزیک لە نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، پێشگرتنە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەو بەرپرسە رۆژئاواییەی کە ناوی نەهێنراوە رایگەیاندووە «ئەگەری هەیە ئێرانییەکان حیساباتی هەڵە بکەن، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت رێگری لێبکەین وەڵامێکی بەهێزە لەلایەن ئیسرائیلەوە».

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری "سەرچاوە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان"ەوە نووسیویەتی، دانوستانەکانی ئەم دواییە تەنیا لەسەر گەیشتن بە جۆرێک لە "تێگەیشتن"ە، چونکە هەر "رێککەوتنێک" لەگەڵ ئێران، پێویستی بە زانیاری و رەزامەندی کۆنگرێس هەیە، و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس بەهۆی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ رووسیا، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆ و هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ئامانجە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، دژایەتی هەر جۆرە ئیمتیازێک دەکەن بە ئێران بدرێت.

دوابەدوای بێ ئەنجام بوونی دانوستانەکان بۆ بوژاندنەوەی بەرجام، ئیدارەی جۆ بایدن، خوازیارە بە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێش بە پەرەسەندنی کێبڕکێی چەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هەنگاوی سەربازیی ئیسرائیل بگرێت.

دوێنێ بەرپرسێکی رۆژئاوایی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە ئامانج لەم پەیوەندییانەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، دروستکردنی دۆخێکی هەمیشەییە، کە بۆ هەمووان قبوڵکراو بێت. قەناعەت پێکردن یان ناچارکردنی ئێران بۆ نەبەزاندنی مەترسی هێڵی سووری رۆژئاوا، بە واتای پیتاندنی 90% و ئەگەری وەستاندنی 60% پیتاندن. 

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەداوە، کە جگە لە راگرتنی پیتاندنی 60%، پێدەچێت هاوکاری زیاتری ئێران لەگەڵ ئاژانس و بەکارنەهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتووتر لە بەرامبەر ئازادکردنی بەشێکی بەرچاو لە داراییەکانی ئێران گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی حکومەتی ئەمریکا رێگریکردنە لە خراپتربوونی قەیرانی ئەتۆمی و رێگەگرتنە لە ئەگەری پێکدادانی سەربازی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین