مەسرور بارزانى: هانى کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەدەین برەو بە وەبەرهێنانەکانیان لە کوردستان بدەن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا ئاماژە بەوەدەکات، هانى کۆومپانیا ئەمەریکییەکان دەدات، "پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی."

ئەمڕۆ دووشەممە (19/حوەزەیران/2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بە ئامادەبوونى ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا کۆبووەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمەریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .

سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد "بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە"، هەروەها  تیشکی خستە سەر "چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان."

هاوكات لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانى ڕاگەیاند، "مانجمان ئەوەیە، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین