ئەمریکا: موجاهدینی خەلق نوێنەری خەڵکی ئێران نییە ئێران

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشی سەر کەمپی ئەشرەف پشتگیری بڕیارەکەی حکومەتی ئەلبانیا دەکات و دەڵێت، ئەمریکا رێکخراوی موجاهدینی خەلق، بە بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی گونجاو نازانێت کە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بکات.

ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا لە رۆژی چوارشەممە (21ی حوزەیرانی 2023) بڵاویکردەوە، کە گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە هێرشی پۆلیسی ئەلبانیا بۆ سەر کەمپی ئەشرەف3 موجاهدینی خەلقی ئێران راگەیاندووە: ئەمریکا ئەم رێکخراوە، بە بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی گونجاو، کە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بکات نازانێت. هەروەها ئێمە پشتگیری لە مافی حکومەتی ئەلبانیا دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییە نایاساییەکان لەسەر خاکەکەی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەمریکا هیچ پاڵپشتی، هاوکارییەکی دارایی و راهێنان بە "رێکخراوی موجاهدینی خەلق" ناکات و جگە لە پرسی گواستنەوەی ئەم رێکخراوە، کە لە ساڵی 2016 کۆتایی هات، هیچ پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵیاندا نییە.

هەروەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە موجاهدینی خەلق، وەک رێکخراوێک، لەوانە ئەو کردەوانەی بۆ پێشێلکردنی مافی ئەندامانی خۆی ئەنجامی داوە، نیگەرانی جددی هەیە.

رۆژی رابردوو (20ی حوزەیرانی 2023) ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران، قۆڵی سیاسی رێکخراوی موجاهدینی خەلق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی هەزار پۆلیسی ئەلبانی هێرشیان کردە سەر ئەم کەمپی ئەم رێکخراوە، زۆرێک لە دەرگا، دۆڵاب و کەرەستەیان شکاند و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و هێرشیان کردۆتەسەر دانیشتووانی کەمپەکە. زۆربەی کۆمپیوتەرەکان شکاون یان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم ئەنجومەنە داوای دەستوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای لەم بابەتە کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا لە بەیاننامەیەکدا، هێرشەکەی پۆلیسی وڵاتەکەی بۆ سەر کەمپی ئەشرەف پشتڕاستکردۆتەوە و رایگەیاند، ئەم هێرشە بە بڕیاری دادگای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تاوانە رێکخراوەکان ئەنجامدراوە و بەداخەوە ئەم گروپە بەو بەڵێنانەوە پابەند نەبوون و پێشێلی رێککەوتنەکەیان کردووە.

ئەم هەواڵە پاش ماوەیەکی کەم لە هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی داهاتووی "ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران" لە فەرەنسا و لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتە بڵاوکرایەوە. لەکاتێکدا ئەم گروپە پێشتر داوای کۆبوونەوەی هەزاران لایەنگری کردبوو لە ناوەندی شاری پاریس لە 8ی تەموز.

ئەمە لەکاتێک دایە، کە رۆژئاوا هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات و تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ئێستا تاران چەند هاوڵاتییەکی ئەوروپی لە زیندان ئازاد کرد، کە دوو لەوانە فەرەنسی بوون.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین