ئەمریكا بنكەی عەین ئەسەد بەهێز دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جەبار عۆدە سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەڵێ‌، "ئەمریكا بنكەی عەین ئەسەد بەهێز دەكات و بە رێژەی 20% فڕۆكە جەنگییەكانی بنكەكەی زیادكردووە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/حوزەیران/2023 جەبار عۆدە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی بەغداد تودەی داوە و باس لەوە دەكات ئەمریكا ژمارەی هەلیكۆپتەر و فڕۆكە جەنگییەكانی تری لە بنكەی عەین ئەسەد بە رێژەی 20% زیاتر كردووە. ئەو سەركردەیەی پێكهاتەی شیعە دەڵێ‌، "هێنانی چەكی زیاتر بۆ بنكەكە پێویستی بە پرسیاری زیاتر لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت لە عەین ئەسەد چی روودەدات".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات ئەو بنكە سەربازییە هیچ چاوێكی عێراقی لەسەر نییە و ئەم هەڵسوكەوتەی ئەمریكایش نیشانەیە كە بنكەكە هی راهێنان نییە و بەڵكو "بنكەی جەنگییە".

بنكەی عەین ئەسەد بە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكا دادەنرێت لە عێراق و دەكەوێتە رۆژئاوای عێراق، لە سنووری پارێزگای ئەنبارە. عێراق بە فەرمی لە كۆتایی ساڵی 2021 كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای راگەیاندووە و گوایە ئەركی ئەو هێزەی ماوەتەوە لە جەنگییەوە بۆ مەشق و راهێنان دەگۆڕدرێت. تا ئێستا ئاماری فەرمی لەسەر ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق نییە، بەڵام میدیای وڵاتانی رۆژئاوا ژمارەی سەربازییە ئەمریكییەكانی لە عێراق بە نزیكەی سێ‌ هەزار سەرباز خەملاندووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین