لە فرۆشتنى سجوقەوە بۆ دوورخستنەوەى فەرماندە سەربازييەكانى رووسيا وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها

دواى بڵاوبوونەوەى جووڵەى هێزە سەربازييەكانيى كۆمەڵەى ڤاگنەر بۆ هەڵگەڕانەوە لە فەرماندە سەربازييەكانى سوپاى رووسيا بە تۆمەتى بۆروومانكردنى هێزەكانى لە هێڵەكانى پشتەوەى بەرەكانى جەنگى ئۆكراينا، كە ژمارەيەك كوژراوى لێكەوتەوە.

رۆژنامە بيانييەكان بە وردى تيشكيان خستۆتە سەر كەسايەتى يەڤگينى پريگۆژين، سەرۆكى كۆمەڵەى ئەو كۆمەڵەيە، كە لە ماوەى رابردوو بە چەندين قۆناغى جياواز تێپەڕيووە.

بەگوێرەى رۆژنامەى نيويۆرك تايمزى ئەمەريكى يەڤگينى پريگۆژين لە رێگەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ڤلاديمێر پۆتين سەرۆكى رووسيا، پێش دامەزراندنى گرووپى ڤاگنەر چەندين گرێبەستى دابينكردنى خواردن و پڕۆژەى بيناسازى لەگەڵ حكومەتى رووسى بەدەستهێناوە.

سەرۆكى گرووپى ڤاگنەر چەند جارێك زيندانى كراوە

بەر لە هەڵگيرسانى جەنگى رووسيا لە (24)ى شوباتى ساڵى رابردوو چەكدارەكانى رەوانەى بەرەكانى جەنگ كرد، كە ژمارەيەكى زۆرى ئەو كەسانەى زيندانى بوون دواتر هاتنە ريزى ئەو گرووپە، بەڵام لەو چەند مانگەى رابردوو پريگۆژين لە چەند گرتە ڤيديۆيەك لە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان دەركەوت باسى لەوە دەكرد فەرماندە سەربازييەكانى رووسيا لە پێدانى پێداويستى تەواوى سەربازى شكستيان هێناوە، هەروەك باسى لە لاوازيى و لێنەهاتوويى ئەو فەرماندانە دەكردەوە.

ئەو تۆمەتانەى يەڤگينى پريگۆژين بەردەوام بوو، دوێنێش فەرماندە سەربازييەكان سەرۆكى گرووپى ڤاگنەريان بە هەوڵدان بۆ كوودەتا تۆمەتبار كرد، سەرۆكى رووسيا بەراورد بەو تۆمەت و رەخنانەى ئەوانەى تر لەو جەنگە هەيان بوو، هيچ سزايەكى مادى ياخود زيندانى بەسەر سەرۆكى ڤاگنەر نەسەپاند.

لەناوخۆى مۆسكۆ دامەزرێنەرى ڤاگنەر رووبەڕووى رەخنەى زۆر بوويەوە، چاودێرانى سياسيش گومانيان لە ناونووسكردنى ئەو زيندانيانەى لە دەرەوەى سزاكان هەيە، كە پێشوازييەكى گەورەى لێ دەكرێت.

يەڤگينى لەدواى شكستى هەوڵەكانى كرملين بۆ كۆنتڕۆڵكردنى كيێڤ پێگەى لە بەرەكانى جەنگى ئۆكراينا فراوان بوو، لە رۆژانى سەرەتاى جەنگ ئەو كۆمپانيا سەربازييە لە سووريا و ئەفريقيا چالاك بوو، كە لەبرى حكومەتى رووسى و لە بەرژەوەنديى بازرگانى تايبەتى سەرۆكەكەى دا بوو.

يەڤگينى پريگۆژين لە چەندين شوێنى تريش چالاك بوو، لە مانگى شوباتى (2018) يەكێك بوو لەو (13) كەسەى لە ليستى ئەو كەسانە بوو تۆمەتباربوون بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانى ئەمەريكا، كە لە رێگەى ئاژانسى (Internet Research)  بەشدارى لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكان دژ بە ئەمەريكا و پاڵپشتى دۆناڵد ترەپ، سەرۆكى پێشوو كردووە، بەو هۆييەوە لە مانگى تشرينى دوووەمى (2016) ئەمەريكا سزاى بەسەردا سەپاند.

يەڤگينى پريگۆژين لە (1961) لە دايك بووە، ئەو كاتە بە سانت پتڕۆسبۆرگى گوتووە لينينگراد، لە (1981) بە تۆمەى دزى و تاوانى تر خراوەتەوە زيندانەوە، لە دواى نۆ ساڵ سزاى توند، شوێنێكى بۆ فرۆشتنى سجوق كردەوە، لە كۆتايى گەيشتنە بەڕێوەبردنى چێشتخانە و شوێنە بازرگانييەكان.

رۆژنامەى گارديانى بەريتانيا لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكاتە، پريگۆژين لە فرۆشتنى سجوقەوە گەيشتە لووتكەى داردەستى پۆتين بۆ جەنگ.

لە (2014) يەڤگينى لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرسى باڵاى رووسيا لە بارەگاى وەزارەتى بەرگريى كۆبۆوە، داواى پارچە زەوييەكى لە وەزارەت كرد بۆ ئەوەى ئەو خۆبەخشانەى هيچ پەيوەندييەكى فەرميان لەگەڵ سوپاى رووسيا نييە، مەشقيان پێ بكات، تاوەكوو هەركات رووسيا تووشى شەڕ بوو بەكاريان بهێنێت، زۆربەى بەرپرسانى وەزارەت وەڵامى ئەو خواستەيان نەدايەوە، بەڵام روونى كردەوە ئەوە داوايەكى ئاسايى نييە، دوو پەرپرسى وەزارەتى بەرگرى ئاماژيان بەوە كرد، ئەو فەرمانە لە دەرگايەكەوە نەهاتووە، ناسناوى ڤلاديمێر پۆتينيان بەكارهێنا، ئەوەش وەك جەختكردنەوە لەسەر نزيكى لە سەرۆكى رووسيا.

ئەو بابەتە پێشتر باس نەكراوە، بەڵكوو بەرپرسێكى باڵا لە وەزارەتى بەرگرى ئاگادارى ئەو گفتوگۆيانە بووە ئەوەى ئاشكراى كردووە و دەڵێت، "ئەو كاتە زۆر بيرم لەم پڕۆژەيە نەكردبۆوە."

بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى دەزگا هەواڵگرييەكانى رۆژئاوا لەگەڵى بڕيارى هێرشكردنە سەر ئۆكراينا ژمارەى چەكدارەكان لە ريزەكانى ڤاگنەر بۆ (50) هەزار سەرباز بەرزبۆوە، دەيان هەزاريش لە زيندانيانى پێشوو لە هەموو رووسيا ناونووسكراون، كە زۆربەيان لە رێگەى سەرۆكى گرووپى ڤاگنەربوو. 

رۆژنامەى گاردييان گفتوگۆى لەگەڵ ژمارەيەك كەس كردووە كە بە درێژايى ئەو ساڵانە داوايان لێكردووە ناسنامەى خۆى ئاشكرا نەكات.

يەكێك لە بزنسمانەكان كە لە نەوەدەكانەوە يەڤگينى دەناسێت دەڵێت، هەر لەسەرەتاوە كەسێكى لێهاتوو بووە، هەر شتێكى ويستبێت پاشەكشەى لێ نەكردووە.

دارايى و هێز كاريگەريان لەسەر يەڤگينى هەيە

ئەوانەى ناسيويانە گوتوويانە، ماڵ و هێز وەك فاكتەرى سەرەكى پاڵنەر نەبوونە بۆ يەڤگينى پريگۆژين، هەرچەندە لە ماوەى (30) ساڵى رابردوو هەردووكى بەدەستهێناوە، لەبرى ئەوە دەڵێن، "لەبرى بڕوابوون بە دژايەتى ئەو دەستەبژێرە گەندەڵە ئەو هەوڵى دوورخستنەوە دەدات، چونكە وەك هەر پياوێكى ئاسايى خواستى ركابەرى هەيە.

بە درێژايى ئەو ساڵانە يەڤگينى پريگۆژين كە زۆربەى دووژمنەكان لەوانەش هاوبەشەكانى پێشووى هەست بە فێڵ دەكەن، ژەنەڕاڵەكانى رەخنەيان لێى دەگرت، كە بەو پێيەى بيرۆكراتين لە نووسينگەكانيان بەرپرسانى ئەمنيش ترسى ئەوەيان هەبوو كە    يەڤگينى خواستى كۆنتڕۆڵكردنى دەسەڵاتى سياسى هەيە. 

كاتێك يەڤگينى پريگۆژين باوكى دەمرێت تەمەنى بچووك بووە، سەبارەت بە دايكى دەڵێت، "لە نەخۆشخانە كارى كردووە، ئەو رەوانەى ئەكاديمياى وەرزشى كردووە، بەڵام خۆى بايەخى پێ نەداوە، لەدواى تەواوكردنى قوتابخانە چۆتە ريزى گرووپێكى شەڕانگێزى بچووك."

دادگاى رووسيا ئاماژە بەوە دەكات يەڤگينى پريگۆژين لەگەڵ ئەو گرووپە ماوەى چەند مانگێك لە سان بترۆسبۆرگ بەشدارى چەندين تاوانى كردووە، بۆيە دادگا سزاى (13) زيندانى بەسەر سەپاندووە، لە (1990) ئازادكراوە.

لەدواى دەرچوونى لە زيندانى دەستى بە فرۆشتنى سجوق كردووە، بەڵام ئەو ئامانجێكى گەورەترى هەبوو، ئەو دەيزانى چۆن خەڵك بۆخۆى پەيدا بكات، يەكێك لە بزنسمانەكان باس لەوە دەكات، يەڤگينى پريگۆژين هەميشە بەدواى ئەو كەسانەى لە ئاستى بەرزدان دەگەڕان، بۆ ئەوەى بەباشى بيانناسێت.

ماوەيەكى زۆر تێنەپەڕى يەڤگينى بووە خاوەنى پشك لە فرۆشگا گەورەكان، لە (1995) سەرۆكى گرووپى ڤاگنەر بڕيارى دا، كە ئێستا كاتى كردنەوەى چێشتخانەيەكە لەگەڵ هاوبەشەكانى لەكار، پاشان دەستى بە دەستهێنانى گرێبەست كرد بۆ جێبەجێكردنى چالاكييە گەورەكانى حكومەت لە رێگەى كۆمپانياى (كۆنكۆرد) كە لە نەوەدەكان دايمەزراند بوو.

هەنگاوى دواتر  بەدەستهێنانى گرێبەستە زەبەلاحەكانى بوو، لە (2012) گرێبەستى بەبڕى زياتر لە (200) مليۆن دۆلار بۆ دابينكردنى خواردن بۆ قوتابخانەكانى مۆسكۆ بردەوە.

ئەمەريكا بە وردى چاودێرى دۆخەكە دەكات

لە مانگى تشرينى يەكەمى ساڵى رابردوو، ئاژانسى فرانس پرێس بڵاوى كردەوە، سەرۆكى كۆمەڵەى ڤاگنەر دانى بەوە داناوە، لە (2014) بە ئامانجى شەڕى ئۆكراينا و بڵاوكردنەوە هێزەكانى لە ئەفريقيا و ئەمەريكاى لاتين ڤاگنەرى دامەزراندووە.

كۆمپانياى كۆنكۆرد، كە سەرۆكى ڤاگنەر خاوەندارييەكى دەكات لەلاپەڕەى خۆى لەسەر تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان پەيامەكانى يەڤگينى پريگۆژين بڵاودەكردەوە، كە لەو پەيامانە جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە دامەزراندنى ئەو كۆمەڵە بۆ رەوانەكردنى چەكدارى لێهاتووە بۆ ناوچەى دۆنباس لە ئۆكراينا.

هەندێك لە رۆژنامە ئەمەريكى و ئاژانسە جيهانييەكان باس لەوە دەكەن گرووپى ڤاگنەر پەيوەستە بە ئۆليگاريشەكانى رووسيا، يەڤگينى پريگۆژين لە سەرۆكى رووسيا نزيكە.

بە يەڤگينى پريگۆژين دەگوترا (چێشتلێنەرى پۆتين) بەهۆى ئەو گرێبەستانەى كرملين لەگەڵى واژۆكردبوو، كە پێشتريش رەتى دەكردەوە پەيوەندى بە گرووپى ڤاگنەرەوە هەبێت.

بەهۆى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا يەڤگينى تەمەن (62) ساڵ رووبەڕووى سزاكانى سەر يەكێتى ئەوروپا و ئەمەريكا بۆوە، هەروەك چەكدارەكانى ڤاگنەر لە رووسيا و سوودان و ليبيا و مالى بەشدارى شەڕەكان دەكەن.

سەرۆكى ڤاگنەر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هێزەكانى چەند ناوچەيەكيان لە رۆستۆف داگيركردووە، ئاماژە بەوەش دەكاتە لە داهاتوو رووبەڕووى ئەوكەسانە دەبنەوە كە رێگريان لێ دەكەن.

يەڤگينى جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە هەركەس رێگريان لێ بكات تا كۆتايى ئامادەن بەرەنگاريان ببنەوە، لەدواى هەڕەشەى هەڵگەڕانەوەى هێزە سەربازييەكانى لە مۆسكۆ بڵاوكردەوە.

سەرچاوە: بەغدا تودەى

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین