یەکێتی ئەوروپا حەوت بەرپرسی ئێران سزا دەدات ئێران

نوچەنێت:

ئەنجوومەنی ئەوروپا حەوت کەس لە کۆماری ئیسلامی ئێران کە رۆڵیان لە پێشێلکارییە جددییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەو وڵاتە هەبووە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا رۆژی دووشەممە (26ی حوزەیرانی 2023) بڵاویکردەوە، حەوت کەس کە رۆڵیان لە پێشێلکارییە جددییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئێران هەبووە، خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بە بڵاوکردنەوەی لیستی ناوی کەسانی سزادراو، نووسیویەتی ئەوان لە دادگاییکردن یان کردەوەی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئێران بەرپرسیارن.

ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ئەسەدوڵڵا جەعفەری، داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای ئیسفەهان و عەلی زارع نووری، راوێژکاری دادگای تاوانەکانی ئەم پارێزگایە، کە بەرپرسی دادگاییکردنی سێ خۆپیشاندەر لە کەیسی "ماڵی ئیسفەهان" بوون، کە لە ئەنجامدا لە سێدارە دران و هەر ئەو کات لەسێدارەدانی ئەو سێ خۆپیشاندەرە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کرا.

هەروەها سزا نوێیەکان موجتەبا فەدا، فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگای ئیسفەهان و رەشید کەبودوندی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی کەرەج دەگرێتەوە.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا، قایمقام و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رزوانشار لە پارێزگای گیلان، بە هۆی دەرکردنی فەرمانی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و هەروەها فەرماندەی هێزی پۆلیسی رزوانشار بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە، سزا داوە.

لە کۆتاییدا ئەوروپا، قایمقامی ئاموڵ لە پارێزگای مازندەران کە بە بەرپرسی کوشتنی لانیکەم دوو گەنجی ناڕازی ئێرانی دەزانێت خراوەتە لیستی سزادراوانی ئەم یەکێتییە.

یەکێتی ئەوروپا لەو بەیاننامەیەکی بۆ ئەم سزایانە بڵاوکردەوە و تیایدا جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە بهێنن و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی رەخنەگران بەکارنەهێنن و کۆتایی بە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لە دژی ناڕازییان بهێنێت و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی بۆ مەبەستی سیاسی رابگرێت.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین