وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە ئێران

نوچه‌نێت

یاریده‌ده‌رى سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئارادا نییە".

بە پێێ هەواڵێکی ماڵپەڕی "تەسنیم"، عەباس عەراقچی یاریده‌ده‌رى سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممه‌ چواری نیسان ڕایگەیاند: ئەوەی لە ڤێینا لە کۆمیسیۆنی هاوبەشدا باسی لێ دەکەین بە پێی ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەیە کە لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون.

عەراقچی هەروەها وتی، "ئێمە لە ڤیێنا هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەین، بەڵکو لەگەڵ کۆمیسیۆنی هاوبەش و وڵاتانی ١+٤ گفتوگۆ دەکەین و داواکاری و مەرجەکانی خۆمان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەوان ڕادەگەیەنین. داواکاری ئێمە ئەوەیە ئەمریکا سەرەتا هەموو بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات و هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە و پاشان کە ئێمە لەوە دڵنیا بووینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.

عەراقچی وتی، "ئەگەر وڵاتانی ١+٤ بتوانن ئەمریکییەکان ڕازی بەو کارە بکەن، بێ گومان ئێمەش بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین. گفتوگۆکانی ئێمە لە ڤیێنا گفتوگۆی تەکنیکی دەبن سەبارەت بە گەمارۆکان و ئەو کارانەی کە پێویستە ئێران ئەنجامیان بدات".

هەروەها له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئه‌م به‌رپرسه‌ى ئێران وتی، "ئەوەش بڵێم ئێمە هیچ پلان یان پێشنیازێکی هەنگاو بە هەنگاومان نییە و قەبووڵیشی ناکەین. لە ڕوانگەی ئێمەوە هەنگاوێک زیاتر لە ئارادا نییە و ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا هەموو گەمارۆکانی سەردەمی ترەمپ و گەمارۆ نوێکان هەڵبوەشێنێتەوە و ئێمەش دوای دڵنیابوونەوە لەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنەکە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین