زیانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە سێ‌ ملیار دۆلار نزیك دەبێتەوە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

93 رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، بەگوێرەی ئەو بڕە هەناردەكردنەی كە بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، بەگوێرەی ئەو نرخەی كە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی فرۆشتویەتی، زیانی هەرێمی كوردستان دوو ملیار و 730 ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023 كەناڵی رووداو ئەنجامی بەدواداچوونێكی بڵاوكردووەتەوە كە بۆ زیانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی. خەملاندنەكە بەم شێوەیە كراوە: رۆژانە بەگوێرەی یاسای بودجە، هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل رەوانە دەكات، بەو نرخەی كە سۆمۆ دەیفرۆشێت. 

تێكڕای نرخی سۆمۆیش بۆ بەرمیلێك 74 دۆلار و 38 سەنت بووە، بەم شێوەیە زیانی هەر رۆژێكی نەوتی هەرێمی كوردستان 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە. ئەوا كۆی ئەم زیانە رۆژانەیە لە 25ی مانگی ئاداری رابردوو تا ئەمڕۆ دوو ملیار و 730 ملیۆن دۆلارە.

لە 25ی ئاداری ئەمساڵ بە بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی كە بارەگاكەی لە پاریسە، لەسەر سكاڵایەكی عێراق، بڕیاری وەستاندنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە درا. گوایە هەرێم ناتوانێ‌ سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ توركیا بكات. لیژنەكە بڕیاریشدا توركیا قەرەبووی عێراق بە ملیارێك  و500 ملیۆن دۆلار بكاتەوە. 

هەرچەندە لە مانگی نیسانی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا رێككەوتنیان كردووە، كەچی تا ئێستا نەوت وەستاوە و پێشتریش شاندێكی توركی سەردانی بەغدای كردووە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەردانی توركیای كردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین