كاردانەوە عێراقییەكان بەرانبەر سووتاندنی قورئان وەرگێڕان

نوچه‌نێت

كەسێكی عێراقی لە سوید قورئان دەسوتێنێ‌، كاردانەوەكان لە عێراق توندتر دەبێت، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر داوای دەركردنی باڵیۆزی سوید لە بەغدا دەكات و فائق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق داوا دەكات لە رووی یاساییەوە بكەرەكە دادگایی بكرێت.

دوێنێ‌ چوارشەممە 28ی حوزەیرانی 2023 كەسێكی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیكا لە سوید بە ئاگاداری پۆلیس قورئانی سووتاند، ئەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی كاردانەوەی هەبووە. لە عێراقیش چەندان هەڵوێستی جیاواز لەرووی سیاسی و یاسایی و حكومییەوە خراونەتەڕوو. 

موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا ئەمڕۆ داوای لە عێراقیییەكان كردووە، خۆپیشاندانێك بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا رێكبخەن و تێیدا ئەم داواكارییانە بكەن. "دەركردنی باڵیۆزی سوید وپچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵاتە كە دژ بە ئیسلام و پیرۆزییەكانەوە و هاندەری بەدڕەوشتییە". 

سەدر : دەبێت باڵیۆزی سوید دەربكرێت

دووەم، "رەگەزنامەی عێراقی لەو تاوانبارە وەربگیرێتەوە و دادگا كار بكات بۆ ئەوەی بۆ عێراقی بگەڕێنێتەوە". سێیەم، "پێویستە حكومەتی عێراق كار بۆ پاراستنی كەسوكاری ئەو تاوانبارە بكات، تا ژیانیان پارێزراو بێت". لە خاڵی چوارەم سەدر دەڵێ‌، "ئەگەر ئیجتهادم بكردایە ئەوا فەتوای هەڵگەڕانەوەی ئەو پیاوەم دەدا ئەگەر موسڵمانە، ئەگەریش موسڵمان نەبێت ئەوا فەتوای دژایەتیكردنی ئیسلامم بۆ دەدات". لە پێنجەم خاڵدا سەدر دەڵێ‌، "دەبێت وەك وەڵامێك بۆ ئەوكارە ئاڵای كۆمەڵگەی میمی بسووتێنرێت".

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "فائق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنەكە فەرمانی داوە بۆ ئەوەی رێكاریی یاسایی بگیرێتەبەر بەرانبەر ئەو كەسە كە قورئانی سووتاندووە، بەگوێرەی مادەی 14ی یاسای سزادانی عێراقی".

هەر لە راگەیێندراوەكەی ئەنجومەنی دادوەری هاتووە، "زیدان فەرمانی بە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی داوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگای یەكەمی لێكۆڵینەوە لە كەرخ تا رێكارییە یاساییەكان بگرنەبەر بۆ گێڕانەوەی ئەو كەسەوە و دادگایی كردنى لە عێراق".

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیێندراوێكدا سەركۆنەی هەڵوێستی سوید دەكات كە رێگەی بە یەكێك لە توندڕەوەكان داوە قورئان بسوتێنێ‌، لە راگەیێندراوەكە هاتووە، "ئەم رووداوانە هەست و سۆزی موسڵمانان لەسەرانسەری جیهان دەجوڵێنن و جاڕسكردنێكی ترسناكە بۆیان، بۆیە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی لەم جۆرە كارانە لە ئەستۆ بگرێت".

باسم عەوادی گوتەبێژی حكومەتی عێراق لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ‌، "پێویستە حكومەتە پەیوەندیدارەكان رێگریی لەو توندڕەوانە بگرن نەوەك هەموو لایەك بەرەو ئەنجامێك بڕۆن كە كەس خوازیاری نەبێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین