عه‌ره‌بى ئیسرائیل چاره‌نووسى پێكهێنانى حكومه‌تى وڵاته‌كه‌یان دیار ده‌كه‌ن وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل چارەنووسی کابینەی داهاتوویان یەکلا نەکردەوە و ئێستا بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و هەروەها ئۆپۆزیسیۆن ناچار لەسەر ڕاکێشانی پشتیوانی یەکێک لە حزبە عەرەبەکانی ئیسرائیل پێکەوە پێشبڕکێ بکەن، چونکە پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی پێویستیی بە بەشداری ئەو حیزبە هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن جوئێل گرینبرگ شارەزای سیاسەتی ئیسرائیل لە ماڵپەڕی هەواڵنێریی "بی بی سی" بڵاو کراوەتەوە، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا نە نتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی و نه‌ نەیارەکانی نەیانتوانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ١٢٠ کەسی ئەو وڵاتە بە دەست بێنن، بۆیە هەر دوو لایەن هەوڵ دەدەن پشتیوانی نوێنەرەکانی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن بۆ ئەوەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل هەفتەی داهاتوودا ڕێگایان پێ بدات حکومەتی هاوپەیمانی پێک بێنن.

نتانیاهۆ و نه‌یاره‌كانى كێبڕكێ 
بۆ به‌ ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ى ئیسرائیل ده‌كه‌ن

"لیستی عەرەبی یەکگرتوو" کە گرووپێکی ئیسلامگەرایە و مەنسوور عەباس ڕابەرایەتی دەکات چەند کورسییەکی بە دەست هێناوە و تا ئێستا هیچ بەڵێنێکی بە هیچ لایەنێک نەداوە و دەیەوێت لەو دەرفەتە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی دانیشتوانی عەرەبی ئیسرائیل کەڵک وەربگرێت، بە تایبەت بۆ چارەسەرکردنی تاوانە توندوتیژەکان و سنووردارکردنی نیشتەجێبوون.

چوار کورسییەکەی عەباس دەتوانن نەیارانی نتانیاهۆ بکەنە زۆرینەی پەرلەمان و کۆتایی بە سەردەمی سەرۆکایەتی نتانیاهۆ بێنن، بەڵام هاوکات دەتوانن ببنە هۆکاری ئەوەی بەرەی نتانیاهۆ ببێتەوە بە زۆرینەی پەرلەمان.

هەڵبەت نتانیاهۆ هاوکات پێویستیی بە پشتیوانی حزبی "یامینا" هەیە کە حزبێکی ڕاستی ڕادیکاڵە. نفتالی بێنت، ڕابەری ئەو حزبە، تا ئێستا بەڵێنی بە هیچ لایەنێک نەداوە. بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەگەری ئەوە زیاترە لەگەڵ نتانیاهۆ ببێتە هاوپەیمان.

لە ڕۆژانی دوای هەڵبژاردنەکاندا، مەنسوور هەم لەگەڵ یائیر لاپید، ڕابەرانی ئۆپۆزیسیۆن، کە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لە بەرانبەر نتانیاهۆ دەدات دیداری کردووە و هەم لەگەڵ نوێنەرانی حزبی لیکۆد کە نتانیاهۆ سەرۆکایەتی دەکات.

ئەندامانی حزبی لیکۆد باسی ئەوەیان کردووە کە ئەگەری هاوکاریی لەگەڵ عەباس و گرووپەکەی هەیە، ئەو هەڵوێستە بە تەواوەتی پێچەوانەی لێدوانەکانی پێش هەڵبژاردنەکانی نتانیاهۆیە. نتانیاهۆ ئەو کات بە مەبەستی ڕاکێشانی دەنگەکانی ڕاستەکان وتبووی ئامادە نییە هاوپەیمانێتییەک بە پشتیوانی ئەو گرووپە پێک بێنێت.

یائیر لاپید هاوکات لەگەڵ نوێنەرانی "لیستی هاوبەش" دیداری کردووە. ئەو لیستە هاوپەیمانێتییەکی نێوان حزبە عەرەبەکانە کە پێشتر مەنسوو و گرووپەکەیشی ئەندامی بوون. ئەو هاوپەیمانێتییە بە توندی دژی نتانیاهۆیە و شەش کورسی پەرلەمانی بە دەست هێناوە. هەر لایەنێک هەوڵ بدات زۆرینە بە دەست بێنێت پێویستی بە پشتیوانی ئەوانە.

بەرجەستەبوونەوەی پێگەی عەباس لە شانۆی سیاسەتی ئیسرائیلدا وەک کەسایەتییەکی یەکلاییکەرەوە سەرنجی زۆر کەسی بۆ لای ڕوانگەی نائایدۆلۆژیکی و مامەڵەگەرایانەی ئەو ڕاکێشاوە. ڕوانگەی عەباس جیاوازە لەگەڵ شێوازی پێشووی بەشداریکردنی عەرەبەکان لە سیاسەتی ئیسرائیلدا.

عەباس هەوڵ دەدات وەک "لیستی هاوبەش" کە هەڵوێستی زۆر توندی لە بەرانبەر ڕاستە ناسیونالیستەکانی ئیسرائیل گرتووەتە بەر و پشتیوانی لە داواکاری فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنی وڵاتی خۆیان دەکات نەناسرێت، و بۆیە جەخت لە دروشمی "نە چەپ و نە ڕاست" دەکاتەوە.

عەباس لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی حکومەتی ئیسرائیل وتی "ئێمە لە سووچێکدا دانیشتبووین و نە کەس ئێمەی دەخستە ناو گەمەکە و نە خۆمان ئامادە بووین بەشداری بکەین. لانیکەم ئەمڕۆ "لیستی عەرەبی یەکگرتوو" تەحەدای سیستەمی سیاسیی دەکات و دەڵێت "هاوڕێیان، ئێمەش لێرەین. ئێمەش هەین. هەر کەس پێ باشە دەتوانێ پەیوەندیمان پێوە بکات".

بە وتەی عەباس، ئامانجی سەرەکی ئەو داڕشتنی پلانێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکانی پێکهاتەی عەرەب لە ئیسرائیل کە نزیکەی ٢٠ لە سەدی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێک دێنن و ساڵانێکی دوورودرێژە گلەیی و گازەندە لەوە دەکەن ئاوڕیان لێ نادرێتەوە و بوونەتە قوربانیی جیاوازی و هەلاواردن.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، عەباس لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ یائیر لاپید چەندین داواکاری هێنایە ئاراوە کە بابەتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن، لەوانە داڕشتنی پلانێک بۆ کەمکردنەوەی تاوان لەو گەڕەکانەدا کە عەربیان تێدا دەژین، خزمەتگوزاری حکومەتی بۆ عەرەبە بیاباننشینەکانی باشووری ئیسرائیل (حکومەت تا ئێستا وەک هاووڵاتی دانی پێدا نەناون) و سڕکردنی ئەو یاسایە کە سزای توندی بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە لە شارە عەرەبەکاندا نیشتەجێ دەبن و خانوو دەکەنەوە.

هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن عەباس داوای هەڵپساردنی یاسای "حکومەتی نیشتمانیی گەلی یەهوود"ی کردووە. زۆربەی عەرەبەکانی ئیسرائیل لەو بڕوایەدان ئەو یاسایە ئەوان دەکات بە هاووڵاتی پلە دووەم. ئەو یاسایە لە ساڵی ٢٠١٨دا پەسەند کرا و مافی چارەنووس تەنیا بۆ جووەکانی ئیسرائیل بە ڕەوا دەزانێت و زمانی عەرەبی لە ڕیزی زمانە فەرمییەکانی ئێسرائیل وەلا نا.

عەباس لە دیمانەیەکدا وتی "لەو بڕوایەدام ئەگەر دەمانەوێ دۆخەکە لە قازانجی عەرەب بگۆڕین پێویستە ڕەفتارەمان بگۆڕین. ئێمە بڕیارمان داوە ڕۆڵی هاوبەشێک بگێڕین و لە پاڵ مکانیزمی پەرلەمان لە کەرەسەی حکومەتیش بۆ وەرگرتنی مافی عەرەبەکان کەڵک وەبگرین".

نەیارانی ڕاستگەرای نتانیاهۆ، واتە نفتالی بێنت و گیدۆن سعار کە لە حزبی لیکۆد جودا بوونەوە و حزبێکی نوێیان بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ نتانیاهۆ دامەزراند، ڕایانگەیاندووە ڕازی بە هاوپەیمانێتییەک نین کە پێویستی بە پشتیوانی حزبە عەرەبەکان بێت.

بەڵام هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردوو باس لە سەرهەڵدانی هاوسەنگییەکی سیاسیی نوێ دەکەن کە لەوانەیە مافی هەڵبژاردن لەوان بگرێتەوە، و پێگەی هاووڵاتیانی عەرەبی ئیسرائیل لە حکومەت و سیاسەتی ئەو وڵێتەدا بەرزتر بکاتەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین