ئێران هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتهەڵگر رەتدەکاتەوە ئێران

نوچەنێت:

لە وەڵامی راپۆرتی هێزی دەریایی ئەمریکا سەبارەت بە هەوڵی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز و ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) نووسیویەتی کە "سەرچاوەیەکی ئاگاداری بەرگری" ئەم بابەتەی رەتکردووەتەوە.

ڕادیۆى فەردا رۆژی پێنجشەممە (6ی تەمموزی 2023) بڵاویکردۆتەوە، کە ئیرنا نووسیویەتی: دوای بانگەشەی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەوەی، کە ئێران هەوڵیداوە دەست بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا بگرێت لە نزیک گەرووی هورمز، سەرچاوەیەکی ئاگاداری بەرگری، ئەمەی رەتکردۆتەوە.

رۆژی رابردوو ئەسۆشێتد پرێس، بە گێڕانەوەی تیم هاوکینز، گوتەبێژی کەشتی فڕۆکەهەڵگری پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران هەوڵیانداوە دوو کەشتی نەوتهەڵگری بازرگانی کە بە شێوەیەکی یاسایی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لە رۆیشتندا بوون دەستی بەسەردا بگرێت.

بە پێی ئەم راپۆرتە، بەلەمەکانی ئێران پاش ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا بە سیگناڵی بەپەلەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر وەڵامی داوەتەوە، کشاونەتەوە و ئەو دوو کەشتییە بازرگانییە لە رێگاکەیان بەردەوام بوون.

هاوکینز ئاماژەی بەوەشداوە، کە تەقەی ئێرانییەکان بۆ سەر تانکەری دووەم هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی سەختی لێنەکەوتووەتەوە.
هێزی دەریایی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران نزیکەی ٢٠ کەشتی بازرگانی بە ئاڵای نێودەوڵەتییەوە هەراسان یان دەستی بەسەردا گرتووە و ئەم جۆرە کارانە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایشی دەریایی ناوچەکە و ئابووری جیهانی.

بەپێی ئامار و داتاکانی کۆمپانیای شیکاری ورتکسا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە لە جیهاندا بە گەرووی هورمزدا ​​تێدەپەڕێت.

 

سەرچاوە: رادیۆ فەردا 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین