سوودانی پەڕوباڵی حەلبووسی دەكات ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆمەڵێك بەرپرس دووردەخاتەوە كە گوایە سەربە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانن، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن حەلبووسی بە سەردانكردنی سوودانی دەیەوێ‌ ئەوە بشارێتەوە كە سوودانی هەوڵ دەدات دەسەڵاتی كەم بكاتەوە.

دوێنێ‌ یەكشەممە نۆی تەمووزی 2023 محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی كرد، بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمی، حەلبووسی لە دیدارەكە پاڵپشتی ئەو گۆڕانكارییانەی كردووە كە سوودانی لە حكومەت و لە دەزگاكانی شاری ئەنباری رۆژئاوای عێراق ئەنجامیان دەدات.

ئەمە لەلایەن چاودێرانی سیاسی كۆمەڵێك لێكدانەوەی بۆ كراوە و ئەوان دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە حەلبووسی دەیەوێ‌ بیشارێتەوە، سوودانی دەیەوێ‌ پەڕوباڵی بكات. یەحیا كوبەیسی كە چاودێڕێكی سیاسی و نووسەرێكی ناسراوی سوننەیە لە تویتەر نوسیویەتی، "دیداری حەلبووسی و سوودانی، هەوڵێكی هاوبەشە بۆ گومڕاكردنی رای گشتی سەبارەت بە سروشتی ئەو ململانێیە توندەی لەنێوانیان هەیە، پێیوانییە ئەم هەوڵە سەركەوتوو بێت، لەوانەیە دواخستنێك بەهۆی هەڵوێستی ئێرانەوە هەبێت، بەڵام بڕیاری پەڕوباڵكردن بەردەوام دەبێت و بەشێوەیەكی نەخشە بۆ كێشراو چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی ئێرانی بەرانبەر بە حەلبووسی دەكرێت".

كوبەیسی :  حەلبووسی و سوودانی رای گشتی گومڕا دەكەن

یەحیا كوبەیسی باس لەوەیش دەكات، حەلبووسی لە ماوەی دوو هەفتە شەش لایەنگری لە ئەنبار لەدەست داوە و هەروەها دوو پۆستی گرنگی لەدەست داوە، ئەوانیش سندوقی ئاوەدانكردنەوە و پۆستی جێگری دەزگای ئاسایشی نیشتیمانییە. كوبەیسی دەشڵێ‌، "خەون و خەیاڵی حەلبووسی بۆ بەدەسهێنانی دیوانی چاودێری و دەزگای هەواڵگری بە تەواوی دەبێت بە هەڵم".

لەسەر هەمان دیداری حەلبووسی و سوودانی، مەشعان جبووری پەرلەمانتاری پێشوو و سیاسەتمەداری سوننە لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ‌، "چوونی محەمەد حەلبووسی بۆ لای سەرۆك سوودانی و راگەیاندنی پاڵپشتی خۆی بۆ رێكارییەكانی سەرۆك حكومەت لە گۆڕینی سەركردە ئەمنییەكان و كارگێڕییەكان، ئامانج لێی خۆدەرخستنیەتی لەلای جەماوەرەكەی، گوایە لادانی پیاوەكانی بە رەزامەندی خۆی بووە و نابێت پیاوانی تر لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت نیگەران بن. هەڵبەتە لە ماوەی دوو هەفتە شەش ئامرازی خۆی لە ئەنبار لەدەست داوە و سەڕەڕای دوو پۆستی گرنگ لە بەغدا ئەوانیش سندوقی ئاوەدانكردنەوە و جێگری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی".

بە هەمان شێوەی یەحیا كوبەیسی، مەشعان جبووری لە تویتەكەی دەشڵێ‌، "ئەو وایدەزانی دوو پۆستی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆكی هەواڵگری بەدەست دەهێنێ‌، بەڵام دەركەوت خەونی چۆلەكەیە و كردنی چڕنووكی ئەو بەردەوام دەبێت".

ماوەی چەند هەفتەیەكە مشتومڕێكی زۆر لەسەر پارێزگای ئەنبار هەیە و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندان بەرپرسی ئەو پارێزگایەی گۆڕیوە، میدیاكانی عێراق باس لەوە دەكەن، سوودانی بۆیە ئەو كارە دەكات تا هاوسەنگی لەنێوان هێزە سوننەكان رابگرێت، چونكە لە دژی هاوپەیمانی سیادە كە حەلبووسی سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانی یەكگرتووی ئەنبار دروست بووە كە داوا دەكەن دەسەڵاتی حەلبووسی لە شارەكە دوور بخرێتەوە.

تەنانەت ئەوەیش بڵاوكراوەتەوە، سوودانی لەسەر داوای كەسایەتییەكانی ئەنبار ماوەیەك بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، خۆی ئەركی بەڕێوەبردنی پارێزگای ئەنبار لە ئەستۆ دەگرێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین