دەقی پەیماننامەی لۆزان بە كوردی بڵاودەكرێتەوە کولتوور

نوچەنێت:

بڕوا ستار، وەرگێری كتێبی (پەیماننامەی لۆزان، پەیماننامەى ئاشتى لەگەڵ تورکیا) بە نوچە نێتی راگەیاند،  "پێشتر ئەو پەیماننامەیە بۆ زمانی كوردی وەرنەگێردرابوو، بۆ كەسانەی لە داهاتوو بیانەوێت كار لەسەر ئەو پەیماننامەیە بكەن ئاسانكارییەكی باش بێت."

ئەمڕۆ دووشەممە (10/تەمووز/2023) بڕوا ستار بە نوچەنێتی راگەیاند،  ئەم كتێبە قەبارەكەی (154) لاپەڕەیە ژمارەی مادەكانی ئەو پەیماننامەیە (143) مادەیە.

 سەبارەت بە هۆكاری وەرگێڕانی ئەم كتێبەش گوتی، "چەند هۆكارێك هەیە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی لە بواری توێژینەوە كاردەكەن دەقی پەیماننامەكەیان بە كوردی لەبەر دەست نەبوو، بۆیە ئەگەر هەبوو ئەوە كێشە لە لێكۆڵینەوەكانیان درووست بكات." هەروەك گوتیشی، "لە ماوەی ئەو (100) ساڵەی رابردوو  زۆر خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو پەیماننامەیە كراوە، كۆمەڵێك شت لەسەر پەیماننامەكە بە هەڵە باسكراوە، ئەویش لەبەر ئەوە بووە كە پەیماننامەكە بە كوردی لەبەر دەست نەبووە، بۆ نموونە باس لەوە دەكرێت (100) ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو پەیماننامەیە تێپەڕێت ئەو پەیماننامەیە كۆتایی دێت، ئەو پەیماننامەیە شتی وای تێدا نییە."

بڕوا ستار باسی لەوەش كرد، باس لەوە دەكرێت، لە ئەنجامی ئەو پەیماننامەیە كوردستان بەسەر چوار وڵات دابەشكراوە، ئەوەش راست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك هەڵەی تر هەیە ئەو كتێبە ئەو هەڵانە راست دەكاتەوە. 

دەربارەی گرنگی ئەو كتێبە، وەرگێڕ ئاماژەی بەوە كرد، خوێندكارانی بەشەكانی مێژوو و سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەتوانن سوود لەم كتێبە وەربگرن.

سەبارەت بە پرسی كورد لەو پەیماننامەیە، وەرگێری ئەو دەقە گوتی، "بە یەك وشەش بە هیچ شێوازێك و لە هیچ شوێنێكی ئەو پەیماننامەیە و بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسی كورد نەكراوە، تەنانەت باسی پێكهاتە و گەلانی تری ناو توركیاش نەكراوە، بۆیە ئەو پەیماننامەیە بنەمای نكۆڵیكردنە لە پرسی كورد و گەلانی ناوچەكە دادەندرێت."

بڕیارە ئەم كتێبە لە (24)ی تەمووز لە یادی (100) ساڵەی واژۆكردنی پەیماننامەی لۆزان لە کتێخانەى شاروشارۆچەکانى هەرێمى کوردستان بڵاودەبێتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین