ئێران هه‌وڵى كڕینى فڕۆكه‌ى بۆینگ ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

میدیاکان باس لەوە دەکەن بەرپرسانی ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی گرێبەستەکەیان سەبارەت بە کڕینی فڕۆکە پەیوەندییان بە کۆمپانیای بوینگەوە گرتووە.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ پێنجی نیسانی٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ زەمانە" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی کردووە کە گفتوگۆکان دەربارەی نوێکردنەوەی سیستەمی فڕۆکەوانی ئێران، بەشێک بوون لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. پێش ئەوەی لە ڕۆژی ١٤ی تەمووزی ٢٠١٥، گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتانی ١+٥ ڕابگەیەندرێت، ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێرباس و بوینگ ئەنجام درابوو.

دوای ئەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە زستانی ٢٠١٥دا چووە قۆناغی جێبەجێکردن، بەرپرسانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجکردنی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرباس و بوینگ بە شێوەی فەرمی درێژەیان بە گفتوگۆکان دا.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦دا، ساڵێک پێش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئۆباما، گرێبەستێک بۆ کڕینی ١٢٠ فڕۆکەی کۆمپانیای بوینگ ئیمزا کرا.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، گومانەکان سەبارەت بە جێبەجێبوونی ئەو گرێبەستە بە خێرایی پەرەیان سەند. لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ و چەند کاژێر دوای ئەوەی ترەمپ بە فەرمی چوونەدەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند، وەزارەتی گه‌نجینه‌ى ئەمریکا ڕایگەیاند مۆڵەتی کڕینی فڕۆکە مه‌ده‌نى ئێرباس و بوینگ هەڵوەشاوەتەوە.

بە پێێ گەمارۆ پێشووەکان بۆ ئەوەی ئێران بتوانێ هەر جۆرە فڕۆکەیەکی کە زیاتر لە ١٠٪ لە کەلوپەلەکەی لە ئەمریکا بەرهەم هاتبێ بکڕێت پێویستە لە وەزارەتی خەزێنە مۆڵەت وەربگرێت.

ئێستا بە بەرزبوونەوەی ئەگەری زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی،  کۆمپانیای بوینگ و ئێران هیوادارن گرێبەستە سڕکراوەکەی نێوانیان زیندوو بکەنەوە.

سیمیل فلابینگ، یەکێک لە میدیاکانی بواری فڕۆکە ڕایگەیاندووە دوای دەسەڵاتگرتنی بایدن، ئێران بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی گرێبەستەکە لەگەڵ بوئینگ پەیوەندی بە ئەمریکاوە گرتووە. بەڵام هیچ بەرپرسێکی ئێرانی تا ئێستا ئەو هەواڵەی ڕەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا بەگەنە ڕێککەوتن، ئەگەری ئەوە هەیە گرێبەستەکەیش لەگەڵ بوینگ زیندوو بێنتەوە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین