دوای سێ مانگ لە هاوسەرگیری جیادەبنەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

دوای تەنیا سێ مانگ لە هاوسەرگیری، لە دوای سەردانیکردنی ماڵی باوکی هاوسەرەکەی تەڵاقنامەی بۆ دەنێرێت. ماڵی باوکیشی رێگەنادەن بچێتە دادگا پێیانوایە، ئافرەت بچێتە دادگا لەگەڵ نەریتی ئەوان گونجاونییە.

شلێر، ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن بیست ساڵە، قۆناخی یەکەمی زانکۆیە و ماوەی سێ مانگە هاوسەرگیری کردووە. ئەو لە جیاتی بیرکردنەوە لە داهاتووی دروستکردنی خێزانەکەی" بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تەڵاقنامەی لە هاوسەرەکەیەوە بۆ دێت".

شلێر، ئەگەرچی پێیوابوو، نابێت بێتاقەتی کەسێک بێت کە ئەوەندە خراپ بێت، بەبێ هۆکار دوای سێ مانگ هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشێنێتەوە بەڵام " هەرچەندە دەبێ خۆشحاڵبم کە لە پیاوێکی ئاوا ستەمکار جیادەبمەوە، بەبێ ئەوەی من هیچ هەڵەیەکم کردبێت و بەبێ ئاگاداری من، تەڵاقنامەم بۆ بنێرێت، بەڵام هەموو کەس ئەم بابەتە نازانن و قسەو قسەڵۆکی زۆرم بۆ دروست دەکرێت، ئەوەش منی بێتاقەت کردووە".

دایکی شلێر چۆنێتی هاوسەرگیری کچەکەی گێڕایەوە، کە ئەو ماڵە بە زۆر کچەکەیان لێسەندووە" ١٢جار خوازبێنییان کرد، هەموو جارێ من دەمگوت کچەکەم منداڵە جارێ با خوێندن تەواوبکات، لە جاری کۆتاییدا پیاوێکیان هێنا کە باوکی کچەکەم نەیدەتوانی قسەی بشکێنێت، بۆیە کچەکەمانی پێشکەشکرد، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ حساب بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئێمە بکەن دوای تەنیا سێ مانگ تەڵاقییان دا".

بەپێی گێڕانەوەی شلێر، دوای هاوسەرگیرییەکەیان یەکەم قسەی هاوسەرەکەی ئەوەبووە کە " هاوسەرەکەم پێی گوتم هەرچەندە بەڵێنم پێدابووی رێگە بدەم بچی بۆ زانکۆ، بەڵام براکەم رازی نییە بۆیە من ناتوانم رێگەت بدەم، منیش گوتم ئەوە لەگەڵ باوکم باسبکە چونکە بەڵێنتان بەو داوە بۆیە هەستم دەکرد هاوسەرەکەم ئاسودەنییەو لە ژێر فشاری براکەیدایە".

شلێر، لەبارەی دەستوەردانی خێزانی هاوسەرەکەی لە ژیانی هاوسەرگیرییان گوتی" بەردەوام خۆیان لە هەموو وردەکارییەکمان هەڵدەقورتاند، هەتا لە کاتی خەوتن و و کات بەسەربردنیشمان بۆ نموونە، براکەی دەیگوت، بە رۆژ نابێت بچینە ژووری خۆتان چونکە ئەوە ئیشی پیاو نییە هەموو کاتێک لە تەنیشتی ژن بێت".

دایکی شلێر باس لەو کاتە دەکات، کە کچەکەیان بەسەردانێکی ئاسایی هاتووەتەوە ماڵیان" کاتێک بەسەردان دەهاتەوە نەیاندەهێشت شەو لای ئێمە بمێنێتەوە، ئەو چەند سەعاتەی لە ماڵی ئێمە دەبوو، بەردەوام تەلەفۆنیان بۆ دەکرد، تا جاری کۆتایی هاوسەرەکی گوتبووی ئەمشەو لای ئێمە بمێنێتەوە، ئێمەش پێمان خۆشبوو بەڵام بۆ سێ رۆژ دواتر لە جیاتی بێنە شوێنی تەڵاقنامەیان بۆ نارد".

شلێر دەگێڕێتەوە" هەفتەیەک پێش ئەوەی بڕۆمەوە ماڵی باوکم، برای هاوسەرەکەم دەمەقاڵێیەکی دروستکرد، منیش شەرمم کرد وەڵامی بدەمەوە بەڵام لە تەنیشت من زۆر قسەی ناشیرینی بە هاوسەرەکەم گوت، گوایە رۆژی هاوسەرگیرییەکەمان جلی بوکێنییەکەم قۆڵی رووت بووە، منیش پێم سەیربوو بە هاوسەرەکەمم گوت ئەوە سێ مانگ تێپەڕی بۆچی تازە باسی ئەو رۆژە دەکەن؟!".

شلێر ئێستا وێڕای ئەوەی بەبێ هیچ پرس و ڕاو گفتووگۆیەک تەڵاقنامەیان بۆ ناردووە، رێگە نادەن بچێتە دادگا و سکاڵا تۆماربکات" باوکم پێیوایە ئەگەر بڕۆم لە دادگا سکاڵاتۆماربکەم، ئەوا بۆ ئێـمە نەنگی و عەیبەیەو دەڵێت بە شێوەی عەشایەری لەگەڵیان دادەنیشم، هەموولایەک لەسەر ئەوە رێککەوتوون".

سەبارەت بە هۆکاری تەڵاقدانەکەی دایکی شلێر دەڵێت" ئێمە سەرەتا زۆر پێمان سەیر بوو تا خۆم رۆیشتم لەگەڵیان دانیشتم، پێمگوتن، کە کچەکەم چیکردووە؟ ئایا کێشەی ناموس و دزی یان چی هەیە؟ گوتیان، بە هیچ جۆرێک ئەو کێشانەی نییە بەڵام کاتێک براگەورەکەی و دایکی قسە دەکەن و گلەییەکیان هەیە ئەو لە جیاتی بە قسەیان بکات وەڵامیان دەداتەوە، ئێمە نامانەوێ تەلەفۆنی هەبێت و بڕوات بۆ زانکۆ بەڵام ئەو پێداگیری دەکات، بۆیە لەگەڵ ئێمە ناگونجێت".

یارا یاسین، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی شلێر گوتی" بە داخەوە لەگەڵ ئەو هەموو کرانەوەیەی هەیە هەندێک خێزان تا ئێستا دەستیان بە هەندێ وردەکلتوری تایبەتییانەوە گرتووە، کە لەگەڵ ئەم قۆناخەی ژیان ناگونجێت، پێشتریش شاهیدی کێشەی لەمجۆرە بووم، کە لەسەر خوێندن یان یان هەبوونی مۆبایل خێزانێک هەڵوەشێنراوەتەوە. پێویستە بزانرێت کە ئێستا مۆبایل یەکێک لەو کەرەستانەیە کە رۆژانە بەهۆیەوە ئیشەکانمان رایی دەکەین، یان لە جیاتی سەردان و چوونە ماڵی کەسوکار و هاوڕێ لە رێگەی مۆبایلەوە هەواڵی یەکتر دەپرسین، بۆیە شتێکی زۆر ئاساییە و خۆبواردن لەم جۆرە پێداویستییانە چەند بەرگری بکرێت دەبێ رۆژێک بەکار بهێنرێت".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە یەکێک لە هۆکارەکانی تری کێشە خێزانییەکان، بە تایبەت لەو کەسانەدا کە تازە هاوسەرگیری دەکەن بە دەستوەردانی خێزانی هەردوولا دەزانێت" دەستوەردانی نەرێنی خێزانی ژن یان پیاو، یەکێک لەو هەڵە باوانەیە کە لە کۆمەڵی ئێمەدا بەردەوامە، لە سەرەتای هاوسەرگیریدا بارودۆخی خێزانەکە ناسکە چونکە گۆڕانکاری لە ژیانی کوڕوکچەکە روودەدات، راهاتن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ئیرادەو کاتی پێویستە، کاتێک دەستوەردانی نەرێنی دەکرێت ئەوا بەئەگەری زۆر کێشە بچووکەکانیش گەورەدەکرێن و دەبێتە هۆکاری هەڵوەشانەوەی خێزان. بۆیە پێویستە دایک و باوک یان براو خوشکی گەورە لە ماڵدا ئاگاداربن کە هەندێ کێشە هەیە بۆ گەنجەکان خۆیان لێبگەڕێن چارەسەری بکەن باشترە لەوەی پێیانوابێت دەبێت بوک یان زاواکەیان هەمووشتێ بە ئارەزووی ئەوان بکات".  

سەبارەت بە-بە عەیبەزانینی چوونە دادگا یارا یاسین بە کارێکی نا شارستانی دەزانێت" دادگا بۆئەوە دانراوە کە حکومەت بە پێی یاسا مافی ئەم کەسانە وەربگرێتەوە کە مافیان دەخورێت، بۆیە نا لۆژیکییە بەهیچ جۆرێک رێگری لە چوونە دادگا بکرێت لە کاتی کێشەکاندا، بە تایبەتیش کاتێک زانرا کێشەکە بە گفوتۆگۆ چارەسەرنابێت و سەردەکێشێت بۆ تووندووتیژی و هەڵوەشانەوەی خێزان، لە جیاتی ئەوەی کێشە و شەڕی کۆمەڵایەتی رووبدات رووبکەنە دادگاکان باشترە و لەوێ کەسانی ئەکادیمی هەن دەتوانن بە جۆرێکی تر بڕواننە کێشەکان و هاوکاربن لە چارەسەرکردنیدا بە پێی یاسا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین