پارەی ئازادکراوی ئێران لە عێراق بۆ وڵاتێکی عەرەبی دەگوازرێتەوە ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، کە بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران کە لە بانکەکانی عێراقدا هەڵگیراون، بۆ عەممان دەگوازرێنەوە.

رۆژی سێشەممە (25ی تەمموزی 2023) ئەلعربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، متیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: عەممان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەڕێوەبردنی بەشێک لەو دارایی رێگەپێدراوە ئێران لە عێراق بۆ عەممان لە ئەستۆ بگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئازادکردنی ئەو پارەیە لە بانکەکانی عێراق و گواستنەوە بۆ عەممان بە مانای لابردنی سنووردارکردنەکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن پێی نییە، بڕیارە لە ژێر چاودێری واشنتۆن بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان و کەلوپەلی سەرەکی خەرج بکرێت. بەڵام ئەو بڕە پارەیەی، کە بڕیارە بۆ عەممان بگوازرێتەوە ئاماژەی پێنەکرد.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە "لێخۆشبوون"ی هەفتەی رابردووی ئیدارەی بایدن لەبارەی پێدانەوەی قەرزی عێراق بە ئێران کرد و رایگەیاند: ئەمریکا لەم دواییانەدا رایگەیاندووە، کە مۆڵەتی پێویستی بۆ گواستنەوەی بەشێک لە داواکارییەکان بۆ بانکی عێراقی دەرکردووە، ئێرانیش بەدواداچوون دەکات لە وەرگرتنی ئەو داوایانە. "بەرەوپێشچوون هەیە، بەڵام پێویستمان بە ئەنجام گەیاندنی داواکارییەکان هەیە".

ئەمە یەکەمجارە ئەمەریکا رێگە دەدات بە ئەو جۆرە پارەیە بخرێتە بانکەکانی تر، جگە لە بانکەکانی عێراق.

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر نەوت و گازی ئێران، ئاستەنگیان بۆ دابینکردنی پارەی هاوردەکردنەکەی بۆ بەغدا دروست کردووە و بەهۆیەوە قەرزێکی زۆر لەسەر بەغدا کەڵەکە بکات، ئەمەش وای لە ئێران کرد بەردەوام هەناردەی گازی خۆی بۆ عێراق رابگرێت.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین