ئێران و لیبیا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانیان رێکدەکەون ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی لیبیا سەردانی تارانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەرپرسێکی باڵای لیبیا بۆ تاران، دوای 17 ساڵ دەربڕی و ئەم سەردانەی بە دەرخەری ئیرادەی هەردوو وڵات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان دەزانێت و هەروەها لەسەر چەند پرسێک رێککەوتن.

رۆژی سێشەممە (25ی تەمموزی 2023) ایرنا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەگەڵ نەجلا مەنقووش، وەزیری دەرەوەی لیبیا دیدارێکی ئەنجامدا و سەبارەت بە بابەتی جێی سەرنجی هەردوولا، گفتوگۆ و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە لیبیا، ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی دۆست و یارمەتیدان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە راگەیاند.

وەزیری دەرەوەی لیبیا، لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆیشی لە سەفەری بۆ تاران، کە دوای نزیکەی 17 ساڵ بەسەر سەردانی بەرپرسێکی باڵا بۆ ئێران دەربڕی و پێیوایە ئەم سەردانە دەرخەری ئیرادەی هەر دوو وڵاتە بۆ لە ئاراستەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لەم دیدارەدا هەردوولا لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان لە بوارە جیاجیاکاندا، لەوانە کاراکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هاوبەش، پێکهێنانی لیژنەیەکی راوێژکاری سیاسی، پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، هاوکارییە زانستی و تەکنەلۆژییەکان، و ئەنجامدانی پێشانگا تایبەتەکان رێککەوتن.

لە کۆبوونەوەکە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و لیبیا، خۆشحاڵی خۆیان بە پێشهاتەکانی چەند مانگی رابردووی پەیوەندییەکانی دوو وڵات، لەوانە بەرزکردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لیبیا لە تاران بۆ ئاستی باڵیوز، دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی باڵیوزخانەی ئێران لە تەرابلوس و دەستپێکردنەوەی هێڵی کەشتیوانی نێوان دوو وڵات دەربڕی.

سەرچاوە: ایرنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین