بێ راگەیاندنی فەرمی سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی گەڕاوەتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چاودێرانی سیاسی دووپاتی دەكەنەوە، ئەوەی ئێستا موقتەدا سەدری و رەوتی سەدر لە عێراق دەیكەن، كاری سیاسییە، بۆیە ئەوان بێ ئەوەی رایبگەیێنن، گەڕاونەتەوە ناو پرۆسەی سیاسی، تەنیا شێوازی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دیارنییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تەمووزی 2023 ماڵپەڕی عەرەبی 21 راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا چاودێرانی سیاسی دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، ئێستا رەوتی سەدر و موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەكە لە گۆڕەپانی سیاسیین و بە كردار گەڕاونەتەوە ناو پرۆسەكە.

راپۆرتەكە باس لەوە دەكات لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا رەوتی سەدر كۆمەڵێك چالاكی كردووە وفشاری سیاسییان دروست كردووە، لەوانە هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و دانیمارك بە بیانووی بەرپەرچدانەوەی سووتاندنی قورئان، لەلایەكی تر هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و لە رابردوویشدا نەیاری رەوتی سەدر بوون.

جیا لەمانە موقتەدا سەدر بەردەوام لەم دوو مانگەدا پەیامی سیاسی هەیە هەموو ئەمانە وا دەكەن چاودێرانی سیاسی بڵێن رەوتی سەدر بە كردار گەڕاوەتەوە ناو پرۆسەی سیاسی، فازڵ بەدرانی چاودێری سیاسی دەڵێ، "رەوتی سەدر بە شێوەیەكی كاتی لە سیاسەت دووركەوتەوە، بەشداری لە حكومەت نەكرد، ئەمە پێدانی دەرفەتێك بوو بە هێزە سیاسیەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت، بەڵام ئەو رەوتە نایەوێ‌ زۆر لە  گۆڕەپانی سیاسی دوور بكەوێتەوە".

بەدرانی دەشڵێ‌، "هەموو ئەو چالاكییانەی لە ماوەی رابردوو رەوتەكە نواندی، دووپاتی دەكاتەوە كە لە پرۆسەی سیاسی ئاماندەیە". نەوال موسەوی كە چاودێرێكی تری سیاسییە بۆ ماڵپەڕی عەرەبی 21 دەڵێ‌، "ئەو دەرفەتە كۆتایی هات كە سەدر بە حكومەتی دابوو". 

لە حوزەیرانی رابردوو رەوتی سەدر كە 71 پەرلەمانتاری هەبوو لە پەرلەمانی عێراق كشایەوە و دوو مانگ دواتر موقتەدا سەدر دووركەوتنەوەی خۆی لە سیاسەت راگەیاند. بڕیارە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێت و رەوتی سەدر تێیدا بەشدار بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین