سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی سیستانی دەداتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئەنتۆنیۆ گوتیریش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە نامەیەك وەڵامی نامەكەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەداتەوە و دووپاتی دەكاتەوە لە سەركۆنەكردنی رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لایەنگری كۆمەڵگەی موسڵمانانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تەمووزی 2023  ئەنتۆنیۆ گوتیریش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەو نامەیەی دایەوە، كە لە 29ی حوزەیران عەلی سیستانی ئاراستەی كرد بوو لەسەر رووداوی سووتاندنی قورئان و داوای كرد بوو، نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی هەبێت لە رێگریكردن لەو رووداوانە.

گوتیریش لە نامەكەی بۆ سیستانی كە دەقەكەی لە میدیاكانی عێراق بڵاوكراوەتەوە بە سیستانی دەڵێ‌،" لە رووداوی سووتاندنی قورئان لە ستوكهۆلم لە سوید، هەستم بە نیگەرانییەكی توند كرد، كە لە جەژنی قوربان بووە هۆی ناڕەزایی لە كۆماری عێراق، رێگەم پێ بدەن تا لایەنگری خۆم بۆ كۆمەڵگەی ئیسلامی دەرببڕم و سەركۆنەی كاری دەمارگیر و توندوتیژی و ئیسلاموفۆبیا بكەم، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەكان و بەشدار دەبێت لە پاكتاوكردن و توندڕەوی".

لە نامەكەی گوتیريش باس لەوە دەکات نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانەی دەستەكانی بەردەوام دەبێت هانی ئەندامانی بدات تا تاوتوێی سیاسەتی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی ئەم كەموكوڕیانە دیار بكەن، تا رێگری لە رقی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی و ئاینی بكەن. گوتیريش دووپاتیشی دەكاتەوە كە رێبەرانی سیاسی و ئاینی رۆڵێكی گرنگیان لەو بوارەدا هەیە.

لە 28ی حوزەیرانی 2023 سەلوان مۆمیكا كە مەسیحیەكی بە رەچەڵەك عێراقییە، لە سوید قورئانی سووتاند، بۆ دووەم جار  لە 20ی ئەم مانگە جارێكی تر ئەو كەسە سووكایەتی بە قورئان كرد و دواتریش هەمان رووداو لە دانیمارك دووبارە بووەوە. بەمەیش ناڕەزاییەكی زۆر لە عێراق دروست بوو.


 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین