كپتاگۆن كارەساتێكی تری عێراق وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بۆ ماوەی حەوت ساڵ، محەمەد بە شێوەیەكی نیمچە رۆژانە 10 دانە حەبی كپتاگۆنی دەخوارد، بەڵام ئەو گەنجە كە تەمەنی 23 ساڵە، ئێستا دەیەوێ‌ لە ئاڵوودەبوون لە مادە هۆشبەرەكان نەجاتی بێت، ئەمە ئەو كارەساتەیە كە عێراق جەنگێكی لە دژی بەرپا كردووە.

عێراق كە لەگەڵ ئێران و سووریا و سعوودیە هاوسنوورە، بووەتە دەروازەیەك بۆ مادەى هۆشبەرەكان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا تێیدا بەكارهێنانی ئەو مادانە تەشەنەی كردووە، حكومەتیش هەوڵ دەدات چارەسەرییەك بۆ ئەو تەنگژەیە بدۆزێتەوە، بە تایبەتی بۆ چارەسەركردنی ئاڵوودەبووەكان.

كریستاڵ لە ئێران و كپاگۆن لە سووریاوە
هەڕەشە لە ژیانی گەنجانی عێراق دەكات 

بڵاوترین جۆری مادەی هۆشبەر لە عێراق جۆری میسامفیتامین (Methamphetamine) یان كریستاڵە  كە بە زۆری لە ئەفغانستان و ئێران هاوردە دەكرێن، هەروەها كپتاگۆنیش هەیە كە ئەویشت جۆرێكە لە (amphetamine) كە لە سووریا دروست دەكرێت. دواى ئەوەی بە سنووری عێراق تێدەپەڕێت و دەڕژێتە بازاڕی وڵاتە دەوڵەمەندەكانی كەنداو، بە تایبەتی سعوودیە كە بە بازاڕێكی سەرەكی بەكاربردنی ئەو مادەیە دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

نەخۆشخانەیەك كە بۆ چارەسەركردنی ئاڵوودەبووان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نیسانی رابردوو كراوەتەوە، 40 نەخۆشی تێدایە، ئەوان خۆیان هاتوونەتە ئەو سەنتەرە، یەكێك لەوان محەمەدە كە لە تەمەنی 16 ساڵی ئاڵوودە بووە و رۆژانە 10 تا 12 دەنكە حەبی خواردووە، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە. (ناوی محەمەد خوازراوە)، باس لەوە دەكات لە كۆگایەكی فرۆشتنی خۆراك كاری كردووە، هاوڕێیەكانی فێری حەبخواردنیان كردووە.

ئەو گەنجە كە دانیشتووی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق بووە، كە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و سعوودیە، باس لەوە دەكات، "لە كۆگاكە گەنجەكان كپتاگۆنیان بەكارهێناوە، چونكە ئەو مادەیە رێگرییان لێ دەكات بخەون". ئەو گەنجە باس لەوەیش دەكات نرخی دەنكێك حەب دوو دۆلارە و لە هەموو شوێنێكی شارەكەشیان بە ئاسانی دەسكەوتووە. دوای ئەوەی بۆ جاری یەكەم دوو هەفتەی لە سەنتەرەكە بەسەر بردووە بۆ ماڵەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام جارێكی تر رووی لە سەنتەرەكە كردووەتەوە، نەوەك سەر لەنوێ‌ ئاڵوودە ببێتەوە، دەڵێ‌، "كپتاگۆن مرۆڤ بەرەو زیندان یان مردن دەبات".

كارەسات

لە دەوروبەری محەمەد لە هۆڵێكی وەرزشی ناو سەنتەرەكە كەشێكی ئارام هەیە، پیاوان لە تەمەنی جیاجیا یاری فیشە " Babyfoot " دەكەن، هەندێكیان دەم بە خەندەن، كەچی شەكەتی بە سیمای هەندێكی تریان دیارە. لە سەنتەرەكە بەشی ژنانیش هەیە، هەر كەسێك لەو سەنتەرە مانگێك یان دووان و سیان بەگوێرەی حاڵەتەكەی خۆی لە سەنتەرەكە بەڕێ‌ دەكات، نەخۆشەكان لە میانەی دانیشتنی تاكە كەسی رۆژانە و هەفتانەیش بە گرووپ، پاڵپشتی دەروونی وەردەگرێت.

دوای دەرچوونیشیان لە سەنتەرەكە نەخۆشەكان بۆ ماوەی شەش مانگ هەفتانە سەردانی سەنتەرەكە دەكەن. عەبدولكەریم سادق بەڕێوەبەری سەنتەرەكە باس لەوە دەكات كە ئەوان پێشوازی لە تەمەنی جیاجیا دەكەن كە لە 14 و 15 ساڵی دەستپێدەكات، بەڵام زۆرینەیان لە بیستەكانی تەمەنن.

بەڕێوەبەری سەنتەرەكە دەشڵێ‌، "بڵاوترین جۆری مادەی هۆشبەر لە عێراق كریستاڵە، كە بە یەك جار ئاڵوودەی دەبن". عەلی عەبدوڵا یاریدەدەری كارگێری سەنتەرەكە دەڵێ‌، "ئاڵوودەبوون كارەساتێكە بە یەكجار مرۆڤ لەناو دەبات"، روونیشی دەكاتەوە دوای 2016 بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق زیادی كردووە. 

لە ماوەی 10 مانگدا 10 ملیۆن دەنكە حەپی كپتاگۆن لە عێراق گیراوە 

ئێستا رۆژانە هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەت و ئۆپراسیۆنی گرتن دژ بە مادەی هۆشبەر رادەگەینن، تەنانەت لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حوزەیرانی ئەمساڵ نزیكەی 10 هەزار كەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون. ئەو كەسانە وەك بازرگان و گوێزەرەوەی مادەی هۆشبەر و قاچاخچی و بەكارهێنەر گیراون. ئەو زانیارییانە لە لایەن حوسێن تەمیمی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بە فرانس پرێس دراون.

هەروەها نزیكەی 10 ملیۆن دەنكە حەبی كپتاگۆن و 500 كیلۆ مادەی هۆشبەری تریش گیراون، كە 385 كیلۆیان كریستڵە ئەمە تەنیا لە ماوەی 10 مانگ گیراون. زۆربەی ئەو ئۆپراسیۆنانە بە كاریگەری هاوكاری هەرێمایەتی و كاری هەوڵگری هاوبەش لە كۆكردنەوەی زانیاری سەركەوتوو دەبن.

تەمیمی دەڵێ‌، "دۆسیەی كاروباری مادەی هۆشبەر دۆسیەكی نێودەوڵەتییە". بەغدا لە ئایاری رابردوو كۆنگرەیەكی بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بەخۆوە بینی، كە گرنگترین ئەنجامەكانی، "دانانی داتابەیسێك بوو بۆ گۆڕینەوەی زانیاری لەسەر بابەتی مادەی هۆشبەر، جیا لەمەیش دانانی چەند خاڵێك بوو بۆ پەیوەندیكردنی هەفتانە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و دەزگا تایبەتەكانی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمەكە.

بازاڕێكی هەڵكشاو

بەگوێرەی ئەو زانیارییە فەرمییانەی فرانس پرێس دەستی كەوتوون، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە 2023 نزیکەی 110 ملیۆن دەنكە حەبی كپتاگۆن دەستیان بەسەر گیراوە. لەناوەڕاستی ئەم تەمووزەیش وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، كە بنكەیەكی دروستكردنی كپتاگۆنی لە باشووری عێراق دۆزیوەتەوە، كە هێشتا بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا لاوازە.

عێراق بووەتە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی كپتاگۆن، بە تایبەتی دەزانرێت كە ئوردنی دراوسێی دەروازەیەكی تری ئەو بازرگانییە، ئێستا سنوورەكانی خۆی بەهێز كردووە و سڵ لە تەقەكردن لە قاچاخچییەكان ناكاتەوە، ئەمە بەگوێرەی لێدوانی دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوای كە لە بەغدایە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەك كە ناوی ئاشكرا ناكات، تا حەوت ساڵ لەمەوبەر عێراق تەنیا دەروازەیەكی تێپەڕین بوو، بەڵام بۆ هەقی تێپەڕبوون ئێستا لە بری پارە مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنرێت، كە ئەمەیش وا دەكات لە بازاڕە ناوخۆییەكان بفرۆشێت و بەكاربهێنرێت. سەرچاوەكە دەشڵێ‌، "لەوانە لە عێراق بازاڕێكی راستەقینە دروست بێت، ئەگەرهاتوو گەشەی ئابووری و توانای كڕین زیاتر بێت". ئەمە لە وڵاتێكدا كە دانیشتووانەكەی زیاتر لە 43 ملیۆن كەسە و  رێژەیەكی گەورەیش تێیدا گەنجن. 

حكومەت دركی بە مەترسی بابەتەكە كردووە، بۆیە سێ‌ بنكەی چارەسەری لە ئەنبار و كەركووك و نەجەف داناوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاڵوودەبووانەی كە لەلایەن حكومەتەوە دەستگیركراون. بە نیازی ئەوەشە لە پارێزگاكانی تر بنكەی هاوشێوە بكاتەوە.

 

سەرچاوە: فرانس 24

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین