واشنتۆن دژی رێککەوتنی سەربازیی ئێران و وڵاتانی ئەمریکای لاتینە ئێران

نوچەنێت:

بۆلیڤیا خوازیاری کڕینی درۆنی سەربازی ئێرانە و واشنتۆن لە ئەگەری کردنەوەی بازاڕێکی نوێ بۆ فرۆشتنی چەکی ئێرانی بە وڵاتانی ئەمریکای لاتین نیگەرانە.

رۆژی سێشەممە ( 1ی ئاب 2023) العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئدمۆندۆ نوەیلۆ، وەزیری بەرگری بۆلیڤیا، هەفتەی رابردوو خواستی وڵاتەکەی بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی ئێران، پشتڕاستکردەوە، کە لە 20ی تەمموزدا لە سەردانی بۆ تاران رایگەیاندبوو "لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ئێران کۆبووەتەوە و بەرژەوەندی هاوبەش"یان تاوتوێ کردووە. دواتریش میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران و لاپاز لەم دیدارەدا گەیشتوونەتە "یاداشتنامەی بەرگری-ئەمنی".

وەزیری بەرگری بۆلیڤیا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت دەتوانێت ئەو درۆنانە بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵات لە دژی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و بابەتی دیکەی قاچاخ بەکاربهێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەتوانن بۆ چاودێریکردنی ناوچە شاخاوییەکان و باشترکردنی چاودێری سەربازی یارمەتیدەر بن.

لێکنزیکبوونەوەی ئێران و بۆلیڤیا و ئەگەری ئاڵوگۆڕی کڕین و فرۆشتنی سەربازی، لە نێوان هەردوو وڵات نیگەرانی ئەمریکای لێکەوتەوە. دوو رۆژ دوای لێدوانەکانی نوەیلۆ، جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانە لە هەناردەکردنی هەر تەکنەلۆجیایەکی ئێرانی کە دەتوانێت هۆکاری ”ناسەقامگیری" بێت.

کیربی بە ئاماژەدان بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەهۆی هەناردەکردنی درۆنی خۆکوژی بۆ رووسیا بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا، دەڵێت ”داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین لە هەر شوێنێک بن، پێش ئەوەی بچنە ناو هەر رێککەوتنێکی سەربازی لەگەڵ ئێران، دەرئەنجامەکانی کارێکی لەو شێوەیە لەبەرچاو بگرن".

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین