سۆران حەمەڕەش: زمانی هیندۆئەوروپی لە کوردستانەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە کولتوور

نوچەنێت:

نووسەررى کتێبى (مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد) ڕایدەگەیێنێت، دوایین لێکۆڵینەوەى تیمێکى نێودەوڵەتى پشتیوانى لە بۆچوونەکەى من دەکات، پێشتر لەو کتێبەدا ئاماژەم پێکردبوو، کە زمانی هیندۆئەوروپی لە کوردستانەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

سۆران حەمەڕەش، نووسەرى کتێبى (مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد) لە نووسینێکدا، کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت، "نوێترین لێکۆڵینەوەی زانستیی جیهانی پشتگیری لە ئەنجامەکانی پەرتووکی ”مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد“ دەکات.

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەدەکات، "دوێنێ (31/7/2023) لێکۆڵەرێکی پۆڵەندی لەسەر تویتەر تاگی کردووبووم لەسەر نوێترین لێکۆڵینەوەی جیهانی کە لە ٢٧ ی مانگدا بڵاوکراتەوە، لێکۆڵینەوەکە سەبارەت بە بنەچەی زمانی هیندۆئەوروپیە. لێکۆڵەرە پۆڵەندیەکە لە جریوەکەیدا دەڵێت: "گریمانەیەکی نوێی تیمێکی نێودەوڵەتی زمانناس و جیناتناسانی پەیوەست بە پەیمانگای ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن. ماکس پلانک سەبارەت بە سەرچاوە و بڵاوبوونەوەی زمانە هیندۆئەوروپییەکان، کوردستان دادەنێت"

دواتر ڕاستەوخۆ بە من دەڵێت، "هەنگاو بەرەو قبوڵکردنی گشتی". واتە هەنگاو بەرەوقبوڵکردنی بۆچوونەکانت (سۆران حەمەرەش) و بوونی بە تێگەشتنێک بۆ هەمووان."

سۆران حەمەڕەش لەبارەى لێکۆڵینەوە زانستییەکە زیاتر ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "ڕاستیەکەی ئەو لێکۆڵەرە پۆڵەندیە ئاماژە بە نوێترین لێکۆڵینەوە دەکات لە جیهاندا کە لەلایەن دەزگای Max Planck Institute for Evolutionary Anthropology ئەڵمانیەوە ئەنجامدراوە. ئەم ڕێکخراوە چەندین ساڵە کار دەکات و خۆی تەرخانکردووە بۆ پرۆسەی پەرەسەندنی مرۆڤ و کڵتورەکەی."

سەبارەت بە بنچەى زمانى کورد نووسیویەتى، "لە دواترین لێکۆڵینەوەدا ئەو بۆچوونەکانی پێشوو سەبارەت بە بنەچەی زمانی هیندۆئەوروپی هەڵدەوەشێننەوە، دەڵێن لە بەشی سەرەوەی (کەوانەی بەپیت) ە وە سەری هەڵهێناوە. کە ئەوە ڕێک کوردستانی ئەمڕۆیە، هەر وەک لە نەخشەکەدا دەتوانرێت ببینرێت. ئەمەش ڕێک ئەو بۆچوونەی منە کە لە پەرتووکەکەمدا بە نەخشەوە ئاماژەم پێکردووە. لە ڕاستیدا من ئەم بۆچوونەم سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٣ دا داوە و دواتر لە ٢٠٢٣ بە بەشێوەیەکی زۆر ڕوونتر لە پەرتووکە نوێکەمدا (مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد) ئاماژەم بەوە کردووە کە زمانی هیندۆئەوروپی لە کوردستانەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و تەنانەت نەخشەی کەوانەی بەپیتم خستۆتە ڕوو کە ئەوە سەرەتای شارستانیەتەکەیە و زمانەکەش و کوردستان لەناوجەرگەی ئەو کەوانە بەپیتەدایە."

ئەو نووسەر دووپات لە بۆچوونى خۆى دەکاتەوە و پێیوایە لێکۆڵەرانى بیانى بە مەبەست ناوى کوردستان ناهێنن و ئەوەى خسۆتەڕوو، "پێشتر لێکۆڵەران دوو تیۆری ئەناتۆڵیا و شوێنیکی تریان دانابوو، بەڵام نوێترین لێکۆڵینەوە کە لەلایەن دەزگایەکی جیهانی ئەڵمانیەوە ئەنجام دراوە، دەڵێت لە بەشی سەرەوەی کەوانەی بەپیتەوە زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر، بڵاوبووەتەوە. کە ئەوە ڕێک کوردستانە بەڵام ئەوان ناویان نەناوە کوردستان. لە ڕاستیدا ئەم بابەتە زۆر بە ڕوونی بە بەکارهێنانی بەڵگەی زانستیی شوێنەواری، فەرهەنگی، مێژوویی، زمانەوانی و چەندینی تر، تەنانەت بە سوود وەرگرتن لە دی ئێن ئەی جۆری هەندێک لە ڕووەکەکانی کوردستان، لە پەرتوکەکەی مندا خراوەتە ڕوو. سەدان بۆچوونی نوێ لە بەرتووکەکەمدا سەبارەت بە بنەچەی زمانی هیندۆئەوروپی و مێژووی کورد دراوە کە زۆر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەوان دەوڵەمەندترە. تەنانەت ناوێکی نوێ بۆ ئەو زمانە دایکیە دانراوە کە زاگرۆسی (پرۆتۆ-کوردی) ە. هەروەها ئەو خاڵە گرنگەی کە ئەوان هێشتا پێی نەگەیشتوون و ڕۆژێک بەوەش دەگەن، کە کۆنترین زمانی هیندۆئەوروپی زمانی سۆمەریە کە شێوەی کۆنی زمانی کوردیە. لە چەند ساڵی داهاتووشدا ئەم بۆچوونەش کە یەکێکە لە سەدان بۆچوون لەسەر کورد و هەموو تەمەنم بۆ داناون و لە پەرتووکەکەمدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پەیوەندی زمانی سۆمەری و زمانەکانی وەک ئیتاڵی، ئنگلیزی، ئەڵمانی..... خراوەتە ڕوو، دەکەمە جیهانی."

دەشڵێت، "هەر وەک لە پەرتووکەکەمدا ئاماژەم پێداوە، دڵنیای دەکەمەوە کە ڕۆژێک دێت لێکۆڵەران لە جیهانەوە ڕووبکەنە کوردستان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی، ئەوەش بە ئامانجی تێگەیشتن لە پرۆسەی دروستبوونی زمانی هیندۆئەوروپی. یەکێک لە کەرەستە سەرەکیەکانی ئەو لێکۆڵینەوانەش، پەرتووکی (مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد) دەبێت، کە ئەمڕۆ بە زمانی ئنگلیزی و کوردی لە جیهاندا بەردەستە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین