نەتانیاهۆ: هەرجۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بێ بەهایە ئێران

نوچەنێت:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە زنجیرەیەک وتووێژی نوێدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا رایگەیاند، کە هەر رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و تاران کە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بەرەوەدواوە نەبات، بێ بەهایە.

رۆژی سێشەممە (1ی ئاب 2023) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ بە نیوزماکسی راگەیاندووە، هەڵوێستی سەبارەت بە هەر مامەڵە و رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، چ رێککەوتنی پێشوو (بەرجام) بێت یان رێککەوتنی دیکەی بچووکتر، لە مێژە ئەمە بووە، کە هەر رێککەوتنێک ژێرخانی ئەتۆمی ئێران نەباتە دواوە، لە بنەڕەتدا بێ بەهایە و هیچ مانایەکی نییە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زیادی کرد: لە بنەڕەتدا ئێرانییەکان ئەوەی پێیاندەدرێت (لە رێککەوتنەکەدا) وەریدەگرن، بەڵام ناکەن (بە کردار لە بەرنامەی ئەتۆمی) پاشەکشە ناکەن، لە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی یان پارچەی چەکە ئەتۆمییەکان ناگەڕێنێتەوە دواوە.

رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی ماوەیەک پێش ئێستا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئیدارەی جۆ بایدن، گەیشتووەتە رەشنووسی رێککەوتنێکی تاقیکاری لەگەڵ ئێران و بەپێی ئەوە ئێران یۆرانیۆم لە سەرووی ئاستی 60%ەوە ناپیتێنێت. واشنتۆن لەم "رێککەوتننامەی تاقیکارییەدا" رەزامەندی دەربڕیوە، کە لەگەڵ ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی ئێران لە چەند وڵاتێک، کە بەهاکەی نزیکەی 20 ملیار دۆلارە، دژایەتی نەکات.

بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نیوزماکس، ناڕەزایی خۆی لە بەردەوامی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام دووپاتکردەوە و جەختی لەوەش کردەوە، کە هەوڵەکانی واشنتۆن نابێتە بەربەستی ستراتیژی ئیسرائیل لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین