ئەنتۆنی كوینی عەرەب كورد بوو! کولتوور

نوچه‌نێت

خالد تاجا كە بە "ئەنتۆنی كوین"ی عەرەب ناسرا بوو، هونەرمەندێكی سووری بوو بەگوێرەی راپرسییەكی گۆڤاری تایمی ئەمریكی بە یەكێك لە 50 كاریگەرترین ئەكتەری جیهان دادەنرێت، ئەو بە رەچەڵەك كورد بوو، رژێمی بەشار ئەسەدیش بە كوشتنی تاجا تۆمەتبار دەكرێت.

خاليد تاجا یەكێكە لە ناوە هەرە دیارەكانی سینەما و شانۆ و درامای عەرەبی، خاوەنی كاریگەرترین نواندنە لەو بوارانە، مەحمود دەرویش شاعیری بەناوبانگی فەڵەستینی بە "ئەنتۆنی كوینی عەرەب" وەسفی دەكات، گوایە لە ئاست كوینی جیهانییە، كە ئەكتەرێكی بەناوبانگە و بەناوبانگرین فیلمی بە ناوی "زۆربای گریكی" بەرهەمەم هاتووە. گۆڤاری تایمی ئەمریكی خالید تاجا بە یەكێك لەو 50 ئەكتەرە دادەنرێت كە لەسەر ئاستی جیهان و لە مێژووی شانۆ و سینەما باشترینن.

خالد تاجا لە شەشی تشرینی دووەمی ساڵی 1939 لە دیمەشق لە خێزانێكی كورد لە دایكبووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوو دەستی بە كاری نواندن كردووە و بۆ یەكەمجاریش لە فیلمێك بە ناوی شۆفێری بارهەڵگر لە 1966 بەشداری كردووە.

ئەو هونەرمەندە چەندان بەهرەی هەبووە، لەوانە نیگاركێش و شاعیر و نووسەری شانۆ و سیناریۆ بووە، بەڵام بە تەواوی لە ناوەڕاستی پەنجاكان خۆی بۆ هونەری نواندن تەرخان كردووە، بۆ ئەمەیش یەكێك لە دراوسێیەكانی هانی دەدات. 

خالد تاجا: بۆ فێربوونی هونەری نواندن كتێبێكم دزی 

خالید تاجا بەر لە مردنی دیمانەیەكی درێژی لەگەڵ ژنە رۆژنامەنووس و نووسەری بەحرێنی بەروین حەبیب كردووە، لەوێ‌ بە وردی باس لەو رۆژگارە دەكات كە تێیدا دەستی بە هونەری نواندن كردووە و سەرەتا لە گەڕەك و قوتابخانەكان، دواتر لەسەر تەختی شانۆ. خالد تاجا دەڵێ‌، "پیاوێك بۆ نواندن هانی دام زۆر رۆشنبیر بوو، دواتر خۆی كوشت، ئەو پیاوە رۆژێك پێشنیاری كتێبێكی لەسەر چۆنیەتی نواندن بۆ كردم، منیش پارەم نەبوو چووم لە كتێبخانە دزیم".

ئەو هونەرمەندە لە هەمان دیمانە باس لە رەچەڵەكی خۆی دەكات كە كوردە، بەڵام دووپاتیشی دەكاتەوە، ئەو لەسەر بنەمای مرۆیی مامەڵە لەگەڵ هەموو دەوروبەر دەكات نەوەك نەتەوە. هەرچەندە تاجا لەسەر ئاستی هونەری ناوبانگێكی باشی هەبووە، بەڵام ژیانی خاڵی نەبووە لە مەینەتی، چوار جار هاوسەرگیری كردووە و دواجار بە هۆكاری جیاجیا بە تەنیایی مردووە.

پیاوانی ئەسەد ژنەكەی تاجایان كوشت 

ناكۆكی هونەرمەند تاجا و رژێمی سووریا بۆ سەرەتای هەشتەكان دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هاوسەرەکانی تاجا بە ناوی سحر مقلی گۆرانیبێژ بوو، ئەو ژنە شەوێكیان لە هۆتێلێك گۆرانی دەگوت، یەكێك لە پیاوەكانی میلیشیای سەرایا دیفاع كە سەربە رەفعەت ئەسەدی برای حافز ئەسەدی سەرۆكی سووریا بوو، بە سەرخۆشی نارنجۆكێك فڕێدەداتە سەر تەختی شانۆ سەحەر دەكوژێت، ئەم رووداوە زامێك دەبێت بۆ دڵی خالید تاجا بۆیە ماوەی چەند ساڵێك لە نواندن دادەبڕێت. هەرچەندە هونەرمەند تاجا هەوڵ دەدات ئەو كەسە بە سزای خۆی بگات بەڵام بێ سوود دەبێت.

گوڤاری تایمی ئەمریكی تاجا بە یەكێك لە 50  باشترین ئەكتەری جیهان دادەنێت

دوایین جار لە كاتی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی خالید تاجا لە دیمانەیەك دەردەكەوێت بە توندی هێرش دەكاتە سەر رژێمەكانی عەرەبی بە تایبەتی رژێمی سووریا. خالید ئەو كات دەڵێ‌، "قەدەغەیە داوای مافمان بكەین، قەدەغە بجەنگین گوایە ئێمە تیرۆریستین، تەنانەت قەدەغەیە قسە بكەین". 

 

هەرچەندە بەهۆی زۆری جگەرەكێشانەوە تاجا تەندروستی تەواو نەبوو، سییەکانی تووشی نەخۆشی ببوو، بەڵام لە چواری نیسانی 2012 رژێمی سووریا بە فەرمی مردنی ئەوی لە نەخۆشخانەیەكی سووریا راگەیاند. ئەوەی جێی سەرنج بێت ساڵێك دوای مردنی ئەو ئۆپۆزسیۆنی توندڕەوی سووریا ڤیدیۆی دانپێدانانی كەسێكی بڵاوكردەوە، گوایە سەر بە هەواڵگری رژێمی ئەسەدە و لەلایەن ئەوان بەدیل گیراوە. لە ڤیدیۆكە كەسە گیراوەكە باس لەوە دەكات خالد تاجا لەژێر ئەشكەنجەدانی هەواڵگری سووریا مردووە.

خالید تاجا زیاتر لە 50 كاری هونەری "شانۆ و سینەما و دراما"ی لە دوای خۆی جێهێشتووە.


هەندێك لە كارەكانی خالد تاجا 
سینەما:
شۆفێری بارهەڵگر
رۆژگاری لەندەن
یادی شەوی خۆشەویستی
نەنگی 
گەڕانەوەی حەمیدۆ 
پیاوانی بەر هەتاو
كارە دراماكانی :
نانی حەرام
راوی شەو 
سەراب نییە
حەوت دەرگاكە
ملیۆنێری بچووك
رۆژگاری شام

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین