سكاڵا له‌سه‌ر 10 به‌رپرسى ئێران تۆمار ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

غولام عەباس تورکی، دادوەری پێشووی دادگای سەربازیی پارێزگای تاران ڕایگەیاند "حکومەت سکاڵای لە دژی 10 کەس لە بەرپرسانی وڵات تۆمار کردووە کە تۆمەتبارن بەوەی ڕۆڵیان هەبووە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە".

ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" ئەمڕۆ سێشەممه‌، شەشی نیسان بڵاوی کردووەتەوە کە غولام عەباس تورکی ئەو قسانەی لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی بەرپرسیاریەتی و دادانی دادوەری سەربازیی نوێی پارێزگای تاران کردووە.

دادوەری پێشووی دادگای سەربازیی پارێزگای تاران وتوویەتی سەبارەت بەو ١٠ کەسە دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات. تورکی باسی لە وردەکارییەکان نەکرد.

سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو وتبووی سکاڵا لە دژی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیه‌یه‌ تۆمار دەکرێت.

لەو ڕووداوەدا دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری سوپای پاسداران فڕۆکەیەکی گەشتیی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەست دا هاووڵاتی کەنەدا و ئێران بوون و لە ڕێگای ئۆکرانیاوە بەرەو کەنەدا دەچوون. بەرپرسانی ئێران دوای سێ ڕۆژ حاشالێکردن، بەرپرسیاریەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە ئەستۆ گرت.

مانگی ڕابردوو (ئازار) ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران لە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیدا، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ڕووداوەی بڵاوکردنەوە. ئەو ڕێکخراوە لەو ڕاپۆرتەدا کارمەندێکی بەشی بەرگری مووشەکی سوپای پاسدارانی وەک تاوانباری ئەو ڕووداوە ناساند.

ئەو ڕاپۆرتە ڕەخنەی توندی بنەماڵەکانی قوربانیانی ئەو ڕووداوە و بەرپرسانی وڵاتانی کەنەدا و ئۆکرانیای لێکەوتەوە کە پێیان وابوو ئەو ڕاپۆرتە ڕاستییەکانی شاردووەتەوە و ڕۆڵی فەرمەندە باڵاکانی ئێرانی لەو ڕووداوەدا پشتگوێ خستووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین