بەردەوامی دیاردەی کوشتن  کۆمەڵگە بەرەو کوشتنی روحی و مۆراڵی دەبات! بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

خەریکە دەگەینە قۆناخێکی ترسناک، کە کوشتن رامان ناچڵەکێنێت. کاتێک ئافرەتان رەشەکوژ دەکرێن، ئێمەمانان دەنگمان هەڵدەبڕین، کە ئەم کوشتنە جیا لە کارەساتە مرۆیی و کەسییەکەی، دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەرکەس بە ئاسانی دەستی بچێتە خوێنی کەسێکی تر. هەموان بە ئاسایی وەریانگرت، بەڵام بۆ کوشتنی ئافرەتان جۆرەها بیانوو و هۆکار بۆ کەسی بکوژ و تاوانبار دەدۆزرایەوە و جۆرەها تۆمەت و قسەی ناڕەوا دەدرایە پاڵ ئەو ئافرەتەی، کە هەموان کوشتنەکەیان بە ڕەوا دەزانی.

ئێستا ئەم کوشتنە رەگەزی نێریشی گرتەوە، کاتێک ژنێک لەسەر نامەیەکی مۆبایل دەکوژرا، ئێستا گەیشتینە جێگایەک، کە لەسەر تەنیا یەک تایگەر کوڕێک دەکوژرێکاتێک پێمانوابوو، بۆ هەر کێشەیەک دەبێ هاوڵاتییان پەنا بەرنە بەر دادگا، کەسانێک دژی ئەوەبوون و داوایان دەکرد دەست لە کوشتنی ژنان نەپارێزرێ و بۆ دادگا نەهێڵرێتەوە. ئێستا لەسەر فول لایتیش، خەڵک دەکوژرێ! راستە ناسەقامگیری ئابووری هۆکارێکە، بەڵام لە هەرسێ پارچەکەی تری کوردستان، دۆخی ئابووری باش نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کوشتن بەم ئاسانییە نییە. سەرنجێکی تر ئەوەیە، کە بەشێک لەو کەسانەی، کە کوشتن بە لایانەوە ئاسانە و خەڵک دەکوژن هەژار نین، بەڵکو ئۆتۆمبیلی ئاخیر مۆدێلیان پێیە و دۆخی داراییان باشە، بەشێکیشیان خزم و کوڕێ بەرپرسانن.

ئەوەی ئێستا جێی نیگەرانییە گەیشتووینەتە قۆناخێک، کە هەموان لەسەر دەمقاڵێ و لە یەکتر نەگەیشتنێکی زۆر ئاسایی پەنا دەبەنە بەر چەک و کوشتن. ئەگەر کێشەش هەبێت، بە دڵنیاییەوە نایبەنە دادگا و خۆیان بە تووندوتیژی رێگا چارەی بۆ دەدۆزنەوە. کوشتن، وەکو یاری ئەتاری لێهاتووە. بەشێک لەوانەی دەبن بە بکوژ، کەسوکاریان بە قارەمان ناویان دەبەن! گەیشتووینە ئاستێک، بەهێز بێهێز دەخوات و دەیکات بە قارەمانێتی بۆ خۆی. لە سایەی پەروەردەی حزبەکانیشەوە، بەشێکی زۆر شانازی بە شەقاوەبوونی کوڕ و کەسوکاریانەوە دەکەن.

دەزانین، کە دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زاڵبوونی گلۆبالیزەیشن لەسەر جیهان، کاریگەری لەسەر شیرازە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمەش کردووە. لەبەرئەوەی، ئەم کەناڵانە لە شوێنێکەوە دێن، کە لە رووی عەقڵەوە زۆر لە کۆمەڵگەکانی ئێمە پێشکەوتووترن. بۆیە ئێمە، مامەڵەی نا تەندرووستیان لەگەڵ دەکەین، چونکە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بە تایبەتمەندی خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەناڵانە دەکەن، بەبێ ئەوەی دیزاینێکی فکری و کۆمەڵایەتی گونجاوی بە پێی عەقڵیەتی کۆمەڵگە بۆ بکرێت.

خاڵێکی تری جێگەی باس ئەوەیە، کە خۆشگوزەرانی و دینامیکیەتی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانەی، کە لەسەر سامانی نەوتی دەژین، بەستراوەتەوە بە بەرزی و نزمی نرخی ئەم کانزایە. لە حاڵەتی ئاسایی، کەس پێویستی بەوەنییە بۆ ژیان بیربکاتەوە، بەڵکو هەموان کاری کەم و داهاتی زۆریان دەوێت. قەناعەت و هەوڵدان کەم دەبێتەوە، چونکە هەموان دەبینن، کە کەسانی ناشایستە هەن لە ماوەیەکی کەمدا، دەبنە سەرمایەدار و دەوڵەمەند!

گەندەڵی و نادادی لە داهاتی کۆمەڵگە، کاریگەری سستمی سەرمایەداری و رووکەش پەرستی ئەو کەسانە بێهیوا دەکات، کە ماندووبوونێکی زۆر بەرامبەر بە داهاتێکی کەم دەکەن، چونکە دەبینی کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەشبووە چینێک، کە بێ ماندووبوون دەستیان گەیشتووەتە سامانێکی زۆر، چینێک بە هەزار دەردەسەری بەشی ژیانیان دەستناکەوێت. ئەمە وێڕای زۆربوونی نەخۆشی/ پەتا و پیسبوونی ژینگە، وشکەساڵ، گرانی نرخی شتوومەک و بازاڕ، شەڕی دەستە و یەخەی بەردەوامی راگەیاندن، کە ناشارەزایانە رۆژانە درۆ و راست بەمەبەست و بێ مەبەست، تێکەڵ دەکرێت و دەئاخنرێتە مێشکی خەڵک.

ناکۆکی مێژووی نێوان کورد و بەغدا، ناکۆکی مێژووی ناوخۆی حزبەکان و نێوان حزبەکان، هەموو سەری مانگێک ئەو جەنگە دەروونییەی، کە لەگەڵ هاوڵاتییان دەکرێت. لەسەر هاتن و نەهاتنی مووچە و دەبێتە شەڕە هەواڵ، لەناو هەموو ئەو بێهیواییەدا زیهنیەتێکی کۆنەپەرست هەیە، کە هەم گەندەڵە، هەم تیرۆری فکری خەڵک دەکات. ئەوانە لە ناو کۆمەڵگەن، هەموو جۆرێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن و بەشێک لە مینبەرەکانی مزگەوتەکانیان بەدەستەوەیە. لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیوەخانەکان قسەیان دەڕوات، ئەوانە بەناوی خودا و پێغەمبەرەوە قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن، مووچە نادەن بە کارمەندەکانیان و دەڵێن "با ئەو موچەیەتان بۆ قیامەت بێت". لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا، فکر و رەفتاری خەڵک ئاسان بە خورافە و دژایەتی هەموو پێشکەوتن و جوانییەک پڕ دەکەن. ئەوان بە ناوی حەرام و حەڵاڵەوە گەنجان دەستەمۆ دەکەن، زۆر بە ئاسانی فەتوای کوشتن و حەرام و حەڵاڵ دەدەن.

هەموو ئەم هۆکارانە کاراکتەرێک دروست دەکەن، کە حەز لە تۆڵەکردنەوە دەکات، دەیەوێت ئەوەی بە دڵی نەبوو بیسڕێتەوە. ئەوەی لەگەڵ فکری ئەو نەبوو، بە دژی بزانێت و دژایەتی کلتوور و فکری ئازادی و یەکتر قبووڵکردن بکەن.

ئەوەی جێگەی سەرنج و رەخنەیە، بەتایبەت ئەوانەی پێیان دەڵێن بژاردە/ ئێلیتە لە بوارە جیاوازەکان، زیاتر وەک بینەرێکی تەمبەڵ سەیری رووداوەکان دەکەن، لە جیاتی رۆڵی ئەرێنی ببینن. هەروەها یەکێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوەیە، کە کورد بیرمەندێکی وەهای نەبووە هەڵسەنگاندنی واقیعی بۆ کێشەکان هەبێت، بەڵکو ئەوەی هەیە بابەتی نییە و بێ ئاراستە و بێ ئامانجن، نوخبە کە عەقڵی کۆمەڵگەیە رۆڵی ئەرێنی نەما، ئەوا ئەم ئاڵۆزییە دروست دەبن، کە هەموومان دەیبینین.

ئەگەر کار لەسەر ئەم رەوش و دیاردەیە نەکرێت، هێشتا مەترسییەکان زیاد دەبن. دیارە ئێمە، کە باسی کوشتن دەکەین، ئەگەر لە رووی کوشتنی مۆراڵییەوە باس بکەین، سەربارێکی تری کاریگەرییە لەسەر بیروباوەڕ، کە خەڵک باوەڕی بە هیچ نەبێت و دروشم و ئامانجەکان دەبنە مایەی گاڵتەجاڕی.

بە تێگەیشتنی من ئەم جۆرە بابەتانە، دەبنێت ببنە مایەی مێزگرد و کۆنفرانس و مرۆڤی کوردی رابچڵەکێنن، چیتر کوشتن و بڕین بە ئاسایی سەیر نەکرێت. بەداخەوە لایەنە بەرپرسەکان، رۆڵ نابینن. کەواتە بەمشێوەیە بەردەوام بین، کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو کوشتنی رۆحی و مۆڕاڵی دەچێت، ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنانی دێرینی ئەم میللەتەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین