فەرماندەیەکی باڵای ئێران گەیشتە مۆسکۆ ئێران

نوچەنێت:

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمی کاربەدەستانی سەربازیی رووسیا گەیشتە مۆسکۆ و بڕیارە سەردانی چەند دامەزراوەیەکی سەربازی گرنگ بکات.

رۆژی یەکشەممە (20ی ئابی 2023) ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، کەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی یەکشەممە لەسەر بانگهێشتی فەرمی کاربەدەستانی سەربازیی رووسیا گەیشتە مۆسکۆ.

بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی لە ئێران، ناوبراو لەسەر بانگهێشتی جەنەڕاڵ ئۆلێگ سالیۆکۆف، فەرماندەی هێزی زەمینی رووسیا، سەردانی مۆسکۆی کردووە و بڕیارە، جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەم بەرپرسە سەربازییەی رووسیا، سەردانی هەندێک ناوەندی پەروەردەیی و تەکنەلۆژی و ئۆپەراسیۆنی ئەم وڵاتە بکات.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت، کە رووسیا لەکاتی هێرش و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئۆکراینە. لەم ماوەیەدا زۆرێک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران سەردانی مۆسکۆیان کردووە.

حکومەتی ئێران دەڵێت، شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا "بێلایەنە" و دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی پێبێت. لە لێدوانێکی فەرمیدا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا رایگەیاندووە، لە پرسی ئۆکراین ئەگەر ئێوە دەستپێشخەریتان نەکردبا، لایەنی بەرامبەر دەبووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.

سەردانی حەیدەری پاش ماوەیەکی کەم لە ئامادەبوونی ئێران لە پێشانگای تەکنیکی-سەربازی نێودەوڵەتی ئەمساڵی سوپای رووسیا کە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە بووە. میدیای سەربەحکومەتی رووسیا رایانگەیاندبوو کە لەم پێشانگەیەدا نوێنەری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بۆ "هاوکاری سەربازی" لەگەڵ رووسیا ئامادەیی هەیە.

نمایشکردنی ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازیی هێزە سەربازییەکانی ئێران، لەوانە درۆن بە ئامادەبوونی سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا، لە بەشی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی، لە میدیاکانی ئێران و رووسیادا روماڵێکی بەرفراوان کراوە.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین