ئێران پێشنیارێك ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

ئێران ئاماده‌ نییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێدانه‌وه‌ یه‌ك ملیار دۆلارى بلۆككراو، رێژه‌ى 20%ى پیتاندنى یۆرانیۆم بوه‌ستێنێت. وێراى ئه‌مه‌یش به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌م وڵاته‌ دووپات له‌سه‌ر به‌ده‌وامبوونى كۆبوونه‌وه‌كانى ڤیێنا ده‌كاته‌وه‌.

عەباس عەراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، وێرای ئەوەی ڕایگەیاند کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا ئەرێنی بووە، هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی دەربارەی ئازادکردنی یەک ملیار دۆلار پارەی ئێران لە بەرانبەر هەڵپساردنی پیتاندنی ٢٠٪ی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە شه‌شی نیسان ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "پرس تی ڤی" وتوویەتی:  "هەر جۆرە ڕێککەوتنێک دەربارەی ئازادکردنی یەک ملیار دۆلار پارەی ئێران لە بەرانبەر هەڵپساردنی پیتاندنی ٢٠% ڕەت دەکەینەوە".

بە گۆتەی عەراقچی، گفتوگۆ تەکنیکییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و خاڵەکانی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی درێژەیان دەبێ. عەراقچی ڕایگەیاندووه‌، شاندەکان لە ڤیێنا دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕۆژی هەینی نۆی نیسان جارێکی تر دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کۆ ببنەوە.

عەباس عەراقچی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە گەیشتە ڤیێنا و خێرا گفتوگۆ سەرەتاییەکانی خۆی لەگەڵ بەشداربووان لە کۆبوونەوەی هاوبەش دەست پێکرد. هەر شەوی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی شاندی نوێنەرانی چین و بەیانی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکی شاندی نوێنەرانی ڕووسیا گفتوگۆی کرد.

ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو تەنیا دوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی ئەمریکا و دڵنیابوونەوە لە هەڵوەشانەوەیان، دووبارە بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکاتەوە. 
هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو بە هەڵوەشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی گەمارۆکان ڕازی نابن.

هه‌ر له‌ سه‌ر هه‌مان بابه‌ت ماڵپه‌ڕى بى بى سى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، خولی یەکەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بەشداری وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەبەستی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و گەڕانەوەی ئێران بۆ ئەو ڕێککەوتنە، لە ڤیێنا کۆتاییان پێ هاتووە و لایەنەکان ڕێککەوتوون ڕۆژی هەینی نۆی نیسان هەر لەو شارە گفتوگۆکان دەست پێ  بکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە عەباس عەراقچی سەرپەرەشتی شاندی ئێران دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ وتی هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پرسەکانی تر و لەوانە بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران ئەنجام نەدرا.

عەراقچی وتی ئێران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پێویستیی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان بە ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاندووە. مەجید تەخت ڕەوانچی نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتوویەتی " هەموو لایەنەکان دەتوانن براوەی گفتوگۆکانی ڤیێنا بن".

جیک سۆلیڤان وتەبێژی کۆشکی سپی لەو بارەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەمین ڕۆژی" ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لە کەناڵی هاوبەشە ئەورووپییەکانمانەوە بڕێوە دەچن و ئێمە "چاوەڕوانین پرۆسەیەکی دوورودرێژ" بێت، بەڵام بە بڕوای ئێمە "بژاردەی دیپلۆماسی باشترین بژاردەیە".

هەروەها وتی چوونە دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووەتە هۆی ئەوەی "زۆر کەمتر چاودێری توانای ئەتۆمی ئێران بکرێت".

خاتوو ساکی "شێوازی گەڕانەوەی ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی و ئەو هەنگاوەی کە ئەمریکا پێویستە بینێت " بە یەکێک لە سەرەکیترین ئەو پرسانە دەزانێ کە گفتوگۆیان لە سەر دەکرێ و جەختی کردەوە: "ئێمە بە ئاشکرا ڕامانگەیاندووە چاوەڕوان دەکەین گفتوگۆکان بەردەوام بن".



 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین