نەتانیاهۆ ئێران بە پاڵپشتی کردنی هێرشەکانی ئەم دواییانە تۆمەتبار دەکات ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە پشت هێرشە کوشندەکانی ئەم دواییە دژ بە ئیسرائیلییەکانە. "سەرچاوە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین"یش رایگەیاندووە، ئێران "لە پشت پەرەسەندنی دۆخی ئەمنییە".

ڕۆژی سێشەممە ( 22ی ئابی 2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە: کە وڵاتەکەی رووبەڕووی "هێرشی تیرۆریستی"بۆتەوە و دەڵێت، ئێران هانی ئەو هێرشانە دەدات و پاڵپشتی دارایی بۆ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەکات.

شاری حەبرۆن (ئەلخەلیل)ی لە کەرتی رۆژئاوا ژنێکی ئیسرائیلی کوژرا و ئیسرائیلییەکی دیکەش بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە بە سەختی بریندار بوو. هەروەها باوک و کوڕێکی ئیسرائیلی لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە لە شارۆچکەی فەلەستینی (حوارە)ی کوژران.

ئەنجامدەرانی هەردوو ئەم هێرشە توانیان لە شوێنی رووداوەکە هەڵبێن، بەڵام بە سەدان هێزی ئەمنی و سەربازی ئیسرائیل بەدوایاندا دەگەڕێن. حکومەتی ئیسرائیل-یش دەڵێت، لەسەر ئەنجامدەری هێرشەکەی رۆژی شەممە زانیاری هەیە.

لە سەرەتای ساڵی 2023 تا ئێستا 33 هاوڵاتی ئیسرائیلی لە هێرشەکانی هاوشێوەی رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرتی رۆژئاوا کوژراون.

هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستی مانگی رابردوو، لانیکەم 200 فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون.

ناتانیاهۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، کە "ئەم شەپۆلە تیرۆرە بە پاڵپشتی دەرەکی روودەدات" و لە بکوژەکان و نێردراوەکانیان لێپرسینەوە دەکەین.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل کە رۆژی دووشەممە یاوەری ناتانیاهۆ بووە بۆ شوێنی هێرشەکە، گوتوویەتی، ئەمە هێرشێکە کە ئێران لە پشتەوەیە؛ "ئێران لە هەموو دەرگایەک دەدات بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئیسرائیل زیانیان پێ بگات“. گرنگترین گۆڕانکاری لەم بوارەدا هاوکارییە داراییەکانی ئێرانە.

پێش ئەمە، کەناڵی "کان"ی ئیسرائیل لە زاری "سەرچاوە ئەمنییەکانی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین"ەوە رایگەیاندووە، ئێران "لە پشت پەرەسەندنی دۆخی ئەمنییە".

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین