ئيران و رووسیا لەبارەی هاوکاری سەربازی گفتوگۆ دەکەن ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، کە جێگری وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە لەگەڵ فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران سەبارەت بە هاوکاری سەربازی گفتوگۆیان کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە (24ی ئابی 2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، کە بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگری رووسیا، کە لە ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ئەو وڵاتە رەنگدانەوەی هەبووە، ئەلێکساندەر فۆمین لەگەڵ جەنەراڵ کیومەرس ‌حەیدەری، سەبارەت بە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری سەربازی نێوانیان گفتوگۆی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا، هەروەها لە راپۆرتێکدا، وێنەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی نێوان بەرپرسانی سەربازیی دوو وڵاتی بڵاوکردەوە، کە کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێرانیش تێیدا ئامادەبوو.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئەم میدیایە لە زاری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێرانەوە، نووسیویەتی "پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئێران و رووسیا رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت''.

حەیدەری گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ بە بەرهەمدار وەسف کردووە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان بکات، ئاماژەی بەوەدا کە شاندی ئێران لەم سەفەرەدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە "ڕێککەوتنی باش"، لەوانەش "لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر''.

پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ بە تایبەتی لە بواری سەربازیدا لە دوای هێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە هەژدە  مانگی رابردوودا قووڵتر و فراوانتر بووە. دوو وڵات لەژێر گەمارۆکانی ڕۆژئاوادان، ئەمەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر ئابوری ئەو دوو وڵاتە.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر درۆنی سەربازیی داوەتە رووسیا کە لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا بەکاردێت. بەڵام ئێران دەڵێت تەنها ژمارەیەکی سنووردار درۆنی بە مۆسکۆ داوە، کە ئەویش پێش دەستپێکردنی جەنگ بوون.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین