نەخوێندەواری لە ئێران گەیشتە  (9) ملیۆن کەس ئێران

نوچەنێت:

وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران دەڵێت، "نۆ ملیۆن کەسی بەتەواوەتی نەخوێندەوار"مان هەیە و لە هەمان کاتیشدا رایگەیاند، ژمارەی "منداڵانی بێبەش لە خوێندن" گەیشتووەتە زیاتر لە 160 هەزار کەس.

لە رۆژی یەکشەممە (27-ئابی 2023) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، یوسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردە، ئاشکرای کردووە کە لە ئێران "9 ملیۆن کەس بە تەواوی نەخوێندەوار"ن و لەهەمان کاتیشدا دەڵێت، ژمارەی "منداڵانی بێبەش لە خوێندن" گەیشتووەتە زیاتر لە 160 هەزار کەس و کۆی گشتی سێ ئاستی خوێندن لە وڵاتەکەدا 970 هەزار خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە.

بوونی زیاتر لە نۆ میلیۆن نەخوێندەوار بە واتای "نەخوێندەوار، زیاتر لە 10%ی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ رێژەیەکی زۆر بەرزی نەخوێندەواری لەو وڵاتەدا''.

یوسف نووری دەشڵێت: ئەم ئامارەی ژمارەی نەخوێندەوارەکان لەسەر بنەمای دەربڕینی خودی کەسانی تەمەن شەش ساڵ و سەرووترە کە "بەتەواوی نەخوێندەوارن و نازانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن" و "خەمڵاندنی من بۆ ئاماری نەخوێندەواری تەواو، بۆ ئەمساڵیش هەروا دەبێت''. 

یوسف نووری ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا "چەتری خوێندنی ئاستی سەرەتایی لە وڵاتدا 98.6%یە، بەڵام 160 هەزار و 373 منداڵ" "لە ئاستی سەرەتایی ناویان تۆمار نەکراوە" و وازیان لە خوێندن هێناوە.

ئەو کەسانەی لە خوێندن بەجێماون، ئەو گروپە تەمەنییەی دانیشتووانن کە لە تەمەنی خوێندندان، بەڵام لە خولی پەروەردەیی وڵاتدا ئامادە نین یان هەرگیز نەچوونەتە ناو خولی خوێندنەوە.

موحسن قەرائەتی، یەکێک لە پیاوانی ئایینی نزیک لە سەرکردەکانی پێشوو و ئێستای کۆماری ئیسلامی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ نوێنەرایەتیانی لە رێکخراوی فیرکردنی خوێندەواری دەکرد و تا ساڵی 2009 سەرۆکی ئەو رێکخراوە بوو. ئێستا لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حکومەت، دان بەوەدا دەنێن، کە ئەم رێکخراوە دوای 44 ساڵ کارکردن بە کردەوە شکستی هێناوە، هەر بۆیە لە هەوڵی "هەڵوەشاندنەوەی" دان.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین