میلیشیاكانى شیعه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق و هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران، میلیشیاكانى شیعه‌ى سه‌ربه‌ ئێران له‌ راگه‌یێندراوێكى هاوبه‌شدا، هه‌ڕه‌شه‌ له‌مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا و حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن له‌ گفتوگۆى ستراتیژى نێوان عێراق و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا دیارى بكرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م حه‌وتى نیسان كه‌ بڕیاره‌ گفتوگۆى ستراتیژى نێوان حكومه‌تى عێراق و ئه‌مریكا به ‌شێوازى ڤیدیۆ كۆنفڕانس به‌ڕێوه‌بچێت، میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ عێراق راگه‌یێندراوێكى هاوبه‌ش بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ زمانێكى هه‌ڕه‌شه‌ داواى دیاركردنى واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.

راگه‌یێندراوه‌كه‌ به‌ ناوى "ده‌سته‌ى هه‌هاهه‌نگى گرووپه‌كانى به‌رگرى عێراق" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ندان گرووپى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران‌ وه‌ك حزبوڵا و بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌با و عه‌سائیب و خوراسانى و سه‌ید شوهه‌دا و ته‌فووف تێیدا به‌شدارن و تانه‌ له‌ گفتوگۆكه‌ ده‌ده‌ن  و به‌ گفتوگۆیه‌كى ناڕێك وه‌سفى ده‌كه‌ن.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ چه‌ند جارێك دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌یانه‌وێ واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق دابنرێت، ده‌شڵێن ئه‌وان له‌ ئێستاوه‌ ده‌زانن راگه‌یێندراوى دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ چى تێدایه‌ و بۆیه‌ هۆشداریى له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌ده‌ن.

ئه‌و هه‌ره‌شه‌یه‌ى میلیشیاكان دواى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران ئه‌نجامیان داوه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید"ى راگه‌یاندووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى قائانى دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت واده‌یه‌كى ئاشكرا بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق دابنرێت.

میلیشیاكان كه‌ پێشتر به‌ ئه‌نجامدانى هێرشى مووشه‌كى بۆ سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌شه‌ڕى داعش و شانده‌ دیپلۆماسییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ئه‌مڕۆ دووپات له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هێرشى تر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رهاتوو واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا دیارى نه‌كرێت.


ئه‌و گفتوگۆیه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت یه‌كه‌م گفتوگۆى ستراتیژى نێوان ئه‌مریكا و عێراق ده‌بێت له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى جۆ بایدندا و پێشتر له‌ مانگى حوزه‌یران و ئابى ساڵى رابردوو 2020 دوو گه‌ڕى دانوستاندن له‌نێوان ئه‌مریكا و عێراق به‌ڕێوه‌چووه‌.

له‌سه‌ره‌تاى كانوونى دووه‌مى ساڵى 2020 كاتێك قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى له‌ هێرشێكى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا كوژران، په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كانى له‌ عێراق ده‌ركرد، به‌ڵام به‌هۆى شه‌ڕى داعش و كه‌متوانایى هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ پاراستنى دۆخى ئه‌منى عێراق، حكومه‌تى عێراق خۆى پابه‌ندى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ ناكات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین