هاكان فیدان بە نیاز بوو چی بۆ توركمانەكان بكات؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ئاشكرای كردووە، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە ماوەی سەردانەكەی بۆ عێراق لەبارەی توركمان قسەی لەگەڵ بەرپرسانی شیعە كردووە و داوای لێ كردوون، مافی زیاتر بۆ پێكهاتەی توركمان لە عێراق بەرجەستە بكەن. رۆژنامەیەكی لبنانیش دەڵێ‌، "هاكان لە هەوڵەكانی بۆ توركمان سەركەوتوو نەبووە".

ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئابی 2023 ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە راپۆرتێكی كورتدا هەندێك زانیاری لەسەر سەردانەكەی هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق بڵاوكردووەتەوە، كە پەیوەندییان بە پێكهاتەی توركمان هەیە. ناونیشانی بابەتەكە ئەم پرسیارەیە: وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی توركمان چی بە بەرپرسانی عێراق گوت؟ لەسەرەتادا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت فیدان چەند دۆسیەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس كردووە لەوانە "پارتی كرێكارانی كوردستان"، "ئاو"، "پڕۆژەی رێگەی بوژاندنەوە". جیا لەمەیش فڕۆشتنی نەوتی عێراق (مەبەست هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە لە رێگەی توركیاوە) بەو مەرجەی عێراق چاوپۆشی لەو سزایە بكات كە بڕەكەی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلارە. 

فیدان: چەند ساڵێكە فشار دەخەمە سەر بەغدا

دوای ئەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی دەڵێ‌، "بەڵام فیدان لەو سەردانە بابەتێكی تری گرنگی باس كردووە، ئەویش پاڵپشتی توركمان و هەوڵدانە بۆ چاككردنی بارودۆخی سیاسیان لە حكومەتی عێراقدا. لەو بارەیەوە فیدان لە دیدارێكدا لەگەڵ بەرەی توركمان كە لە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا و لە هەولێر بەڕێوەچووە، بە توركمانەكانی راگەیاندووە، ئەو لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەكی رێكوپێك فشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆ بەهێزكردنی ئامادەیی ئەو پێكهاتەیە لە حكومەت و لەو فشارەیش بەردەوام دەبێت".

ئاژانسە ئێرانییەكە مەبەستی كۆبوونەوەكەی هاكان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی شیعە ئاشكرا دەكات لەوانە دەڵێ‌ "داوای لە فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە، لقی حەشدی توركمانی بۆ ئەو ناوچانە دابنێت كە توركمان لێی نیشتەجێن، بۆ ئەوەی ئەم لقە بتوانێ‌ پارێزگاری لە بەرژوەندییەكانی توركمان بكات". هەروەها سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی فیدان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحیش تەسنیم دەڵێ‌، "وەزیری دەرەوەی توركیا داوای لێكردووە پاڵپشتی توركمانی عێراق بكات، بۆ ئەوەی هەندێكیان بتوانن لە رێگەی فەتحەوە بچنە پەرلەمان". 

لە كۆتایشیدا تەسنیم دەڵێ‌، "فیدان كە 13 ساڵ سەرۆكایەتی هەواڵگری توركیای كردووە، بۆ لایەنە توركمانەكان دووپاتی لەوە كردووەتەوە، بەرزكردنەوەیان لە حكومەتی عێراق لەسەر بەرزترین ئاستەكان پاڵپشتی دەكرێت و توركمانەكانیشی بە پردی نێوان توركیا و عێراق وەسف كردووە".

فیدان داوایەك لە فالح فەیاز و عامری دەكات 

هەفتەی رابردوو هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە رۆژی 22ی ئاب گەیشتە بەغدا  و سەردانەكەی دوو رۆژی خایاند. ماڵَپەڕی رۆژنامەی نەهاری لبنانی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات هاكان فیدان لە بابەتەكانی پەیوەندی بە توركمان سەركەتوو نەبووە. چەند سەرچاوەیەك بۆ رۆژنامەكە زانیاری ئەوەیان داوە، كە چوار خاڵی سەرەكی لەنێوان توركمانەكانی عێراق هەبووە، كە ئەركی هاكان فیدانی بۆ یەكخستنی توركمانەكان سەخت كردووە، یەكەمیان ئەوەیە: لایەنە توركمانەكان لەسەر یەك لیست رێكنەكەوتوون بۆ ئەوەی بە یەكەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن، بە تایبەتی ئەمەیش كاریگەری بۆ نوێنەرایەتی توركمان دەبێت چ لە كەركووك بێت یان مووسڵ ودیالە. 

جیا لەوەیش توركمانەكان ناكۆكن لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان لە دەستە خۆجییەكان و دامەزراوەكانی حكومەتی عێراق، خاڵی سێیەم پەیوەندی بە هەڵوێستی توركمانەكان لە بەرانبەر بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانیان، كە هەڵوێستێكی یەكگرتوویان نییە، كۆتا خاڵیش پەیوەندی بە میكانیزمی دۆزینەوەی سەكۆیەكی سیاسی یەكگرتوو هەیە بۆ توركمانەكان.

بە هۆی ئەو هۆكارانەوە رۆژنامەكە دەڵێ‌، "هاكان فیدان نەیتوانی كۆتایی بە ناكۆكی سەركردایەتی و لایەنە سیاسییەكانی توركمان بهێنێ‌، دوای كۆبوونەوەی درێژیش لە بەغدا و هەولێر هیچ سەركردەیەكی توركمانی ئەنجامی راستەوخۆی دانوستاندنی نێوانیانی رانەگەیاندووە، تەنیا دووپاتكردنەوە لەسەر هەندێك ناونیشانی گشتی نەبێت، وەك داواكاری توركیا بۆ پاڵپشتی توركمان لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەگەڵ دووپات لەسەر گرنگی یەكڕیزی هێزە توركمانییەكان".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین