وەزارەتى دارایى لەبارەى ناردنى (598) ملیار دینار لەلایەن بەغداوە ڕوونکردنەوە دەدات کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (29/ئاب/2023) وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕەتیدەکاتەوە بەغدا "پێشنیاری ناردنی 598 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان" كردبێت.

هاوکات لەڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت، "بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە."

 

دەقى ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان: 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لەچەند کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک لەزاری سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.

بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاکانی ڕوون دەکەینەوە:

1- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی فەڕمی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.

2- بەهیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لەبونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تا ڕەتکرابێتەوە.

3 -وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێکردنی سەرجەم مادەو بڕگەکانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەکەینەوەو هیوادارین حکومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.

4- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین