کاردانەوەکانی پەیماننامەی لۆزان ... خەبات و خۆڕاگری بەردەوامی کورد وەرگێڕان

نوچەنێت:

ن: یەریڤان سەعید

و: سنوور یاسین

پەیماننامەی لۆزان سەدەیەک پێش ئێستا واژۆ کراوە، هەمیشە شیکردنەوەی جیاوازی بۆ کراوە لە ڕووی کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکی و ناوچەییەکانەوە. زۆر گرنگە کە تێڕوانین و هەڵوەستەمان بۆ ئەو پەیماننامەیە هەبێت و کاریگەرییە ئازاربەخشەکانی بناسێنێن، کە لە ئەنجامی ئەو پەیماننامە مێژووییەوە هاتوونەتە ئاراوە. 

پەیماننامەی لۆزان لە (24- تەمووزی 1923) واژۆ کراوە، پەیماننامەکە کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم هێنا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تواندەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەو پەیماننامەیە لەسەر کوردەکان هەمیشە پشتکوێ خراوە. لۆزان بۆ کورد نادادپەروەرییەکی مێژووییە و ستراتیژی خراپی خۆی هەیە. لۆزان شوێنگرەوەی پەیماننامەی سیڤەر بوو کە لە (1920( واژۆ کراوە و بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درا بوو لەو کاتدا. پەیماننامەی لۆزان زەبرێکی کوشندە بوو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و خەونی کوردی لەناو برد.

لۆزان پتەوکردنی زیاترى دەسەڵاتی دەوڵەت بوو بۆ دەوڵەتە بەهێزەکان و نەخشەکێشانی سنووری نوێ بوو بۆ کورد. لە ئەنجامی پەیماننامەکە کوردەکان دابەشبوون بو سەر چوار وڵات کە ئەوانیش: تورکیا، سووریا، ئێران، و عێراق بوون. ڕەتکردنەوەى ناساندنى خەباتی کورد بوو، دژ بە خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی. بەداخەوە بووە هۆی دروستکردنی چەندین زنجیرەی ستراتیژی و ترسناک بۆ گەلی کورد کە کاریگەرییەکانی بەهێز و بەردەوام بوون بۆ دەیان ساڵی داهاتووی دوای پەیماننامەکە و تەنانەت تاوەکو ئێستاش، کە سەد ساڵ واتە سەدەیەکی بەسەردا تێپەڕیوە.

کاتێک ورد دەبینەوە لە دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان، گرنگە تیشک بخرێتە سەر جیۆپۆلەتیک، چونکە کاریگەری زۆر خراپی هەبوو لە ڕووی جوگرافییەوە. سەقامگیریی جیۆپۆلەتیکی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە ملیۆنان کورد لە دەرئەنجامی ئەو ناسەقامگیرییە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوونەتەوە و کاریگەرییەکەی بەردەوامە لەسەریان.

کورد لە ژێڕ دەستی دەسەڵاتدارانی هەر چوار وڵاتی: عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا ڕووبەڕووی ژێر دەستەیی، چەوساندنەوە، جیاکاری، بێ مافکردن، ستەم، و ئاوارەبوون بوونەتەوە. حکومەتە جیا جیاکان سیاسەتی جیاکاریی جۆراوجۆریان پەیڕەو کردووە، مافەکانی گەلی کوردیان پێشێلکردووە، مافە کولتووری و سیاسییەکانیان لە گەلی کورد زەوت کردووە. چەندین ساڵە بە بەردەوامی هەڵمەتی سەربازی لە دژی کورد بە جۆری جیاواز گیراوەتەبەر، بە تایبەتى لە عێراق لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسی پێشوو بۆ دەیان ساڵ ڕووبەڕووی چەوساندنەوە، جیاکاری، تووندوتیژی بوونەوە.

پەیماننامەى لۆزان ڕەتکردنەوەى خەباتی کورد بوو

لە (1988)دا کوردەکانى عێراق، لە ژێر دەستی سەدام حوسێن ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، کە تیرۆری دژ بە کوردەکان بەکارهێنا و لە ئەنجامدا کوشتنی بە کۆمەڵ، ڕاگواستنی بە زۆر، هێرشی کیمیایی لێکەوتەوە، کە ئەویش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو، دەرەنجام بووە هۆی شەهید بوونی زیاتر لە پێنج هەزار خەڵکی سڤیلی بێتاوان و بریندار بوونی زیاتر لە (10) هەزار هاووڵاتی سڤیل. من و خێزانەکەم بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ڕزگارمان بوو، کە لەبەرچاومان ئەو کارەساتەمان بینی و چەندین ئازیزمان لە دەستدا و بووە مێژوو و بیرەوەرییەکی تاڵ بێکۆتایی بۆمان.

وەک زۆر خێزانی کوردی تر ئاوارە بووین و ناچار بووین ماڵەکانمان بەجێبهێڵین و بە دوای شوێنی سەلامەت و چوون بۆ خاکی وڵاتی تر و ئاوارەبوون ببینەوە. من چوار جار ئاوارە بووم، سێ جار پێش ئەوەی تەنانەت تەمەنم بگاتە (11) ساڵی. هەر جارێک و هەر ئاوارە بوونێک کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لەسەر گەلی کورد دروست دەکرد و ئازاردانی ئازیزان برینێکی قووڵە بۆ کورد کە لە بیرکردنیان ئاسان نییە. ئەو ستەم و جینۆساید و ئاوارەبوونە کاریگەری زۆری لەسەر ناسنامە و هەستی نەتەوایەتی لە لای گەلی کورد دروست کردووە و کورد لە هەر شوێنێک بێت بەردەوام خەبات دەکات، لە پێناو مافە ڕەواکانی.

ئەزمونی کورد، ئاوارەبوون و پەنابەری بەردەوام وا لە کورد دەکات کە زیاتر خۆڕاگر بن، زاڵبن بەسەر ناخۆشییەکاندا، بەردەوام بن لەسەر خەباتکردنیان لە پێناو مافەکانیان. دەرئەنجامی ئەو پەیماننامەیە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هێزە بیانییەکان نیشان دەدات لەسەر حیسابی ملیۆنان کوردی چەوساوە.

ئەگەر تەماشا بکەین بە دڕێژایی ئەو سەدەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی نەناوە بەو جیاکاری و نادادپەروەری و ئازارانە، کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە، گرنگە کورد بتوانێت وا لە حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، کە ئەو ئازار و خۆڕاگرییانەی کورد بە جیهان بناسێندرێت. خەبات و خۆڕاگری کورد لەبەرچاو بگیرێت لە پێناو بەدەستهێنانی نیشتمانێک کە ڕێز لە خواست و مافەکانی کورد بگرێت و هەستانەوەیەک بێت بۆ کورد وەک ڕەمزی خەبات، یەکگرتوویی، زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و ڕەوا.

بۆ ئەوەی کورد زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات، گرنگە زیاتر وورد بینەوە لە بڕیارە سیاسییەکان و تێگەیشتنی کۆک و گشتگیرمان هەبێت لە ڕووداوە مێژووییەکان و کاریگەرییەکانیان. ئەزموونی مرۆیی پێویست و گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و دووبارە نەبوونەوەی کێشە و ناکۆکییەکان بۆ چارەسەری یەکجارى و ئاشتییانە، بۆیە دەبێ لێکتێگەیشتن و بڕیارە سیاسییەکانمان قووڵتر بکەینەوە. 

پەیماننامەی لۆزان کاریگەرییەکی خراپ و ڕەشی هەبوو بۆ کورد، نکۆڵی کردن بوو لە مافەکانی گەلی کورد. ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ ئەو سیاسەتە سەرکوتکارانەی کە دواتر دەسەڵاتەکانی: ئێران، عێڕاق، سووریا، و تورکیا جێبەجێیان کرد بەرانبەر بە کورد و کاریگەری خراپی هەبوو بۆ ملیۆنان کورد تاوەکو ئێستاش، بەڵام خۆڕاگری و سووڕبوونی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانیان خواستێكی هەمیشەییە و دەمێنێتەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا دانی نەناوە بەو ئازارانەى کە بەسەر کورددا هاتووە

خەباتی کورد بۆ خۆبەڕیوەبردن، و سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت، ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆشمان نەبێت ئەوا ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بەرپرسیارە لە بەدەستهێنانی مافە سیاسی، ئابووری، و کولتووری کوردەکان لە چوارچێوەی سنوورە بەزۆر دابەشکراوەکانیاندا. وەک شایەد و ڕزگاربوویەکی جینۆساید داوا دەکەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بن لە کارکردن بۆ ناساندنی کورد، داننان بە مافە ڕەواکان، و دروستکردنی جیهانێک کە تێیدا گەلی کورد و کۆمەڵگە چەوسێندراوەکانی تریش بتوانن گەشە بکەن و بە شکۆمەندی و ئاشتی بژین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین