کۆمپانیایەکی کەشتیوانی یۆنان بەهۆی ئێرانەوە سزا دەدرێت ئێران

نوچەنێت:

دادگای فیدراڵی ئەمریکا، کۆمپانیایەکی کەشتیوانی یۆنانی، تۆمەتی قاچاخی نەوتی ئێران و پێشێلکردنی سزا نەوتییەکانی ئەمریکا، سزادا.

رۆژی پێنجشەممە (7ی ئەیلولی 2023)  رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێس بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادگای فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی یۆنانی، تۆمەتی قاچاخی نەوتی ئێران و پێشێلکردنی سزا نەوتییەکانی ئەمریکای قبووڵ کردووە و رازی بووە بە سزای پێبژاردن، کە سزاکە دوو ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلارە.

ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە باری کەشتی نەوتهەڵگری دەستبەسەرداگیراوی سوێێز راجان-ەوە هەیە، کە گروپی "هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی" لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا رایگەیاند، کە گومانی بارکردنی نەوتی خاوی ئێران لە دوورگەی خارکەوە لە کەنداوی فارس لێدەکرێت.

بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا راگەیەندرا، کە ئەم نەوتهەڵگرە بەهۆی گواستنەوەی نەوتی گەمارۆدراوی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە بۆ کەناراوەکانی تەکساس گواسترایەوە.

ئەسۆشێتد پرێس دەڵێت، بەڵگەنامەکانی دادگا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بینراون، پشتڕاستی دەکەنەوە کە حکومەتی ئەمریکا دەستی بەسەر باری نەوتی سوئێز راجاندا گرتووە.

عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران بەر لە بەتاڵکردنی باری نەوتی سوئێز راجان، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری داگرتنی ئەم نەوتە، رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرێتەبەر.

شەش رۆژ دوای ئەوە، سوپای پاسدارانی ئێران، لە گەرووی هۆرمز دەستی بەسەر کەشتیی نەوتهەڵگری نیووی کە لەژێر ئاڵای پەنەمادا گرت و هۆکاری ئەم کارەیان بە "سکاڵا و فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری" ناوبردووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین