جەمال كۆچەر : ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە وردەكاريی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەكەیان دەكات لەگەڵ لیژنەی دانوستاندنكاری حكومەتی عێراق، دووپاتی دەكاتەوە ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی هەیە و تا ئێستا بابەتەكە چارەسەر نەكراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2023 جەمال كۆچەر دوای كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ ئەو لیژنەیەی كە دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكات و لە لایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران پێكهاتووە، لە لێدوانێكی بۆ شەفەق نیوز ئاشكرای كردووە كە ناكۆكییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا زۆرن.

جەمال كۆچەر دەڵێ‌، "ناكۆكییەكان لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان زۆرن، بابەتەكان یەكلایی نەكراونەتەوە، ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە دۆسیەی نەوت و بەرهەمی نەوت و دەرامەتە نانەوتییەكان هەیە". لە هەمان لێدواندا جەمال كۆچەر دەڵێ‌، "هێشتا رێككەوتن لەسەر داهاتی دەراوزە سنوورییەكان نەكراوە".

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان میوانداری لە لیژنەی دانوستاندنكاری فیدڕاڵی كرد كە لە ماوەی رابردوودا دانوستاندنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە. 

ئەو لیژنەیە لە شەش كەس  پێكهاتووە، كازم حەسەن راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد عەبدولهادی راوێژكاری كاروباری سترایتژی سەرۆك وەزیران، ماهر جوهان بریكاری تەكنیكی پلاندانان، نەجیب شكور سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران، جەمیل یوسف بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژمێریاری و بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین