رێککەوتنەکە نوێیەکەی ئێران و ئەمریکا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مۆڵەتی بۆ چەند بانکێک دەرکردووە کە پارە ئازادکراوەکانی ئێران ئاڵوگۆڕ پێبکەن.

ڕۆژی سێشەممە (12ی ئەیلولی 2023)  العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس رایگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو مۆڵەتی لێخۆشبوونی لەسەر گەمارۆ بانکییەکان واژۆ کردووە کە شەش ملیار دۆلاری دارایی ئێران ئاڵوگۆڕ بکەن.

بە پێی ئەم راپۆرتە، بلینکن لە کۆتایی هەفتەی رابردوو فەرمانێکی واژۆ کرد و بەپێی ئەوە بانکەکان بەمەبەستی گواستنەوەی شەش ملیار دۆلاری دارایی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشوور، دەبەخشرێن.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس جەختی لەوە کردەوە، کە بلینکن دوای مانگێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان تاران و واشنتۆن، ئەم فەرمانەی واژۆ کردووە، بەڵام رۆژی رابردوو نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەو بارەوە ئاگادار بوونەتەوە.

ئەم ئاژانسە باس لەوە دەکات، کە لەو دەقەی کە بەدەستیهێناوە، واشنتۆن بۆ یەکەمجار رایگەیاندووە، کە ئازادکردنی پێنج ئێرانی زیندانیکراو لە ئەمریکا بەشێکە لەم رێککەوتنە.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی ئەو هەواڵە بڵاوکراوەی سەبارەت بە پێدانی ئەم لێخۆشبوونە بە ئێران، بە "دەنگی ئەمریکا"ی راگەیاندووە، ئەو پرسە "بەخشینی سزاکان" نییە، بەڵکو تەنها " پەسەندکردنێکی تەکنیکییە" بۆ گواستنەوەی ئەو پارانەی کە پێشتر راگەیەندرابوو.

تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناو و هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو پێنج ئێرانییە لە زیندانەکانی ئەمریکا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام پرسی ئازادکردنیان لە چوارچێوەی رێککەوتنی تاران و واشنتۆن نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە راگەیەندراوە.

لەم پێوەندییەدا، لە یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، ئێران پێنج زیندانی ئەمریکی لە زیندانەوە بۆ هۆتێلێک گواستەوە. ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" لەو کاتەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دوای ئەوەی ئێران دەستەبەرکردنی سەرچاوە داراییەکان ئەنجام دەدرێت، ئازاد دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ قەتەر.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین